قوبرس لەژێر ئاگری درۆنەکانی حزبوڵڵادا.. پەیامە خوێناوییەکەی تاران بۆ ئەوروپا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1696 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا کە ئاڕاستەی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی، دورگەی قوبرس بوە ئامانجی هێرشە درۆنییەکانی حزبوڵڵای لوبنانی، وه‌كو ئەمە تەنها هێرشێکی سەربازی نییه‌، بەڵکو جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی حەسەن نەسروڵڵاو گواستنەوەی شەڕبوو بۆ ناو جەرگەی دەریای ناوەڕاست.


سیناریۆکە چۆن دەستیپێکرد؟
لەئاداری ئه‌مساڵدا واته‌ له‌م مانگه‌دا، تەنها دوو ڕۆژ دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی (توڕەیی داستانی) لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران، بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا لەقوبرس کەوتنەبەر هێرشی درۆنەکان، هەرچەندە سەرەتا پەنجەی تۆمەت بۆ تاران درێژکرا، بەڵام سەرچاوە هەواڵگرییەکان‌و ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرایانکردوه‌، درۆنەکان لەلوبنانەوەو لەلایەن حزبوڵڵاوە ئاراستەکراون.

پەیامە تەمومژاویه‌كان
ئیلان بێرمان پسپۆڕی سیاسیی پێیوایه‌، سێ ئامانجی سەرەکی لەپشت ئه‌و سیناریۆیه‌وه‌ ئه‌وانیش، بەرزکردنەوەی تێچوی شەڕه‌ كه‌ ئێران دەیەوێت بەهاوپەیمانەکانی ئەمریکا بڵێت کە هیچ شوێنێک ئارام نییە، گوشار بۆسەر واشنتۆن، وه‌ك نیشاندانی ئەوەی کە بەردەوامی هێرش بۆ سەر ئێران، سەقامگیریی ئەوروپاش دەخاتە مەترسییەوە، هه‌روه‌ها تێکدانی هاوپەیمانییەکان، ئه‌مه‌ش وه‌ك هەوڵێک بۆ ساردکردنەوەی بەریتانیاو وڵاتانی ناوچەکە لەهاوکاریکردنی سوپای ئەمریکا.

ئەوروپا دەستەوەستان نییە
هێرشەکە لەجیاتی ئەوەی ئەوروپا بترسێنێت، بوە هۆی یەکخستنی بەرەی بەرگریی، فەرەنسا دەستبەجێ سیستەمی دژە موشەکی‌و کەشتی جەنگی ڕەوانەی قوبرس کرد، یۆنانیش بەفڕۆکەی F-16و کەشتی تەیارکراو بەسیستەمی (سێنتۆرۆس) هاتوەتە سه‌رهێڵ، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەوروپا ئامادەنییە ڕێگەبدات قوبرس ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ئێران.

حزبوڵڵا لەنێوان لاوازیی‌و سەرکێشیدا
هەرچەندە حزبوڵڵا بەدەست هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ئیسرائیلەوە دەناڵێنێت، بەڵام ئەو هێرشە نیشانیدا کە هێشتا توانای سەرئێشە دروستکردنی ستراتیژیی ماوە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ پیار ڕۆزۆکس وتویه‌تى، "حزبوڵڵا دەیەوێت بیسەلمێنێت کە هێشتا لەخزمەت ئەجێندای ئێراندایە، بەڵام بەجۆرێک کە هەموو بونی خۆی نەخاتە مەترسییەوە".

قوبرس، کە ساڵانێکی زۆر وەک دورگەی هێمن دەناسرا، ئێستا لەناوەراستی زریانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، ئایا ئەمە تەنها هێرشێکی کاتییە یان سەرەتایەکە بۆ گۆڕینی دەریای ناوەڕاست بۆ گۆڕەپانی نوێی جەنگ؟ داهاتوی نزیک وەڵامی ئەمە دەداتەوە.

بەپەلە