شارپرێس:
لەپەرەسەندنێکی توندو مەترسیداردا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندیی بەسەرکردەكانى کورد لهباشور (عێراق)و ڕۆژههڵات (ئێران)هوه کردوەو داوای پشتگیرییان لێدەکات بۆ هاندانی ڕاپەڕینێکی چەکداریی لەناوخۆی ئێران، ئەم هەنگاوەش هەرێمی کوردستانی خستوەتە نێوان بەرداشی فشارەکانی واشنتۆنو هەڕەشە ڕاستەوخۆکانی تارانهوه، میدیاى ئهمریكیش دهڵێت:"ترەمپ بەبارزانیو تاڵەبانی وتوە، خۆتان یەکلایی بکەنەوە یان ئەمریکاو ئیسرائیل یان ئێران، چاوەڕێی وەڵامی ئێوەمو خواتان لەگەڵ".
ڕۆژنامهى واشنتۆن پۆست-ى ئهمریكى، بهپشتبهستن بهسهرچاوه تایبهتهكاىن خۆى ئاشكرایكرد، "ترەمپ لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتییو مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، داوای لێکردون کە لایەنێک هەڵبژێرن، یان ئەمریکاو ئیسرائیل یان ئێران، چاوەڕێی وەڵامی ئێوەمو خواتان لەگەڵ".
ڕۆژنامهكه ئاماژهى بهوهكردوه، ترەمپ بەڵێنی بۆ شەڕی ئاسمانی بەرفراوانو پاڵپشتی لۆجستیداوە بۆ لایەنە کوردییەکانی ئێران تا کۆنترۆڵی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران بکەن.
ههروهك ئهوهش هاتوه، مستەفا هیجری سكرتێرى گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، پەیوەندییەکی لەلایەن ترەمپەوە پێگەیشتوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکی نوێ لەنێوان شەش حزبی کوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە داوایان لەسەربازە کوردەکان کردبوو ڕیزەکانی سوپای ئێران چۆڵبکەن.
واشنتۆن پۆست باسى لهوهشكردوه، لەکاتێکدا ئەمریکا بنکە سەربازییو موشەکییەکانی باشوری ئێرانی کردوەتە ئامانج، ئیسرائیل بەشێوەیەکی سیستماتیک بنکەکانی سوپاو سوپای پاسدارانی لەڕۆژئاوای ئێران (کوردستان) بۆردومانکردوە، چاودێرانیش پێیانوایە، ئەمە ستراتیژێکی مەبەستدارە بۆ چۆڵکردنی مەیدانەکە لەبەردەم هێزە کوردییەکان بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی.
ڕۆژنامهكه ئاماژهى بهوهكردوه، ئێستا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەدۆخێکی زۆر هەستیاردان ئهوانیش فشاری ئەمریکاو ههڕهشهى تاران، ترەمپ داوایان لێدەکات ڕێگە بۆ هێزە کوردییەکانی ئێران بکرێتەوەو هاوکاریی بکرێن، تارانیش لەڕێگەی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، هۆشداریداوەتە هەولێرو سلێمانی کە نابێت خاکەکەیان ببێتە بنکەیەک بۆ هێرشکردنەسەر دراوسێکانیان، ئێران پێشتر بەهێرشی موشەکیی بۆسەر هەولێر هۆشداریی کردەیی داوە.
کوردانی هەردولا مەترسییان هەیە کە ئەمریکا جارێکی دیکە وەک ڕابردوو نمونەی ڕۆژئاواى كوردستان بەتەنها جێیان بهێڵێت، هاوكات حزبە کوردییەکانی ڕۆژههڵات، سەرەڕای هاوپەیمانیی نوێیان، هێشتا لەسەر شێوازی دەسەڵاتی داهاتوو هاوڕانین، پڕچەککردنی کوردانی ڕۆژههڵاتیش ڕەنگە تورکیا نیگەران بکات، بەتایبەت بەهۆی پەیوەندیی هەندێک حزبى وهك پژاک لەگەڵ پەکەکە.
سهبارهت بهو پرسه بەرپرسێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بهبێ ئاشكراكردنى ناوهكهى بۆ ڕۆژنامه ئهمریكیهكه وتویهتى، "ئێمە لەدۆخێکی زۆر ناسکداین؛ ئەگەر ئەم هێرشە شکشتبهێنێت، نازانین کاردانەوەی ئێران بەرامبەر هەرێم چی دەبێت، لەهەمانکاتدا ناتوانین داواکارییەکەی ترەمپیش ڕەتبکەینەوە".
