ئەمریکا، ئیسرائیل‌و ئێران.. جەنگی ترسەکان نەک ستراتیژییەکان سێ ڕوی دژبەیەک

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 24 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سه‌رچاوه‌: المجله‌ 
وەرگێڕان: د.حلمى ڕەسوڵ ڕەزا


شێوازی مامەڵەی ئەمریکا لە جەنگی دژی ئێراندا، ئیدارەیەک نیشان دەدات کە بەچەند دەنگێکی جیاواز قسە دەکات؛ زۆرجار دوای تێپەڕبونی زیاتر لەهەفتەیەک بەسەر دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکان، ئەو دەنگانە دژبەیەک دەبنەوە.

لە ڕووکەشدا، هەڵوێستە سەربازییەکە گشتگیر و بێ چەندوچوون دیارە؛ نزیکەی سێ فڕۆکەهەڵگرو 42 کەشتی جەنگی ئێرانی (وەک سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەڵێت) نوقم کراون، جگە لە تێکشکاندنی هێزی ئاسمانی ئێران، هەر بەپێی گوتەکانی ترەمپ. بەڵام ترەمپ خۆی لە وتارەکانیدا لە نێوان هەڕەشەی لەناوبردنی ئێران و بەڵێن دان بە "وێرانکاریی گشتگیر و مردنی حەتمی" بۆ ڕژێمەکە ئەگەر بەبێ مەرج خۆی بەدەستەوە نەدات، هاتوچۆ دەکات؛ لە هەمان کاتدا و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت ئێران پابەند نییە بە پەیڕەوکردنی دیموکراسی، بەڵکو لاری نییە لەوەی سەرۆکی نوێی ئێران لەناو دامەزراوەی ئایینیی دەسەڵاتدار بێت.

ئەمە "ناڕوونییەکی ستراتیژی" نییە بۆ هێشتنەوەی نەیار لە دۆخی دڵنیانەبووندا لە ڕێگەی پەیامی تەمومژاوییەوە، بەڵکو شێواوییەکی ڕوونە؛ ئەمەش ڕاپۆرتێکی "واشنتۆن پۆست" دەربارەی هەواڵگری ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە کە دەڵێت جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل ئامانجی خۆی کە ڕووخانی ڕژێمە ناپێکێت. لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکانی تر باس لە داوای دیموکراتەکان لە کۆنگرێس دەکەن بۆ کردنەوەی لێکۆڵینەوە لە پێنتاگۆن، دوای ئەوەی هەواڵە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بڕیاری جەنگەکە ئایینییە نەک سیاسی، بەهۆی ئەوەی سوپا لە ڕووی ئایدۆلۆژیای ئایینییەوە وا تێگەیەنراوە کە ئەم جەنگە بەستراوەتەوە بە پێشبینییەکانی "کۆتایی جیهان". بۆ ئاڵۆزکردنی زیاتری دیمەنەکە، تۆڕی "ئێن بی سی" ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە دەڵێت ترەمپ بە قووڵی بیر لە هێرشی زەمینیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. ئەمە ئۆرکێسترایەک نییە کە بە هەماهەنگییەکی مەبەستدار بژەنرێت، بەڵکو دەنگگەلێکی ناتەبان.

ڕەنگە ئیسرائیل لەم جەنگەدا ڕوونتر بێت بە دیاریکردنی ئامانجەکان یەک لە دوای یەک، لە سەرووی هەمووشیانەوە تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی و بەرپرسە باڵاکان، بەجۆرێک کە ڕاستەوخۆ "سەری" ڕژێمەکەی کردووەتە ئامانج. ڕەنگە ئەمە ساتێکی مێژوویی بێت بۆ تەلئەبیب، بەڵام بێگومان مەرج نییە بە واتای کۆتایی ڕژێمەکە بێت. ئیسرائیل لە چەندین بەرەوە دەجەنگێت؛ دەیان فڕۆکەی جەنگی شەو و ڕۆژ تاران بۆردومان دەکەن و ناوەندەکانی فەرماندەیی ئێران دەڕوخێنن، لە کاتێکدا ناوچەکانی تری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە بۆردومان دەکەن وەک پاڵپشتییەک بۆ میلیشیا کوردە ئێرانییەکان لە ستراتیژێکدا کە ئامانجی دووبارە نەخشاندنەوەی ناوچەکانی هەژموون و ڕەنگە دابەشکردنی ئێران بێت.

بەڵام وێنەی ئیسرائیل لەم جەنگەدا ئاڵۆز دەبێت کاتێک لە چوارچێوەیەکی گشتگیردا دەیبینین؛ چونکە ئێران سەرەڕای لێدانە بەهێزەکان، بەردەوام بوو لە هاویشتنی موشەک و درۆنەکانی بۆ سەر تەلئەبیب و قودس. ئێمە تەنها بڕێکی کەم لە ئاسەواری وێرانکارییەکان دەزانین بەهۆی سانسۆری سەربازیی توندی ئیسرائیلەوە، و تەنها هەواڵی دەگمەن دەخوێنینەوە وەک گواستنەوەی زیاتر لە دوو هەزار هاووڵاتی لەو ماڵانەی کە لە سەرەتای جەنگەوە "زیانیان پێگەیشتووە".

لە لوبنانیش، ئیسرائیل بەردەوامە لەدەرکردنی فەرمانی چۆڵکردنی یەک لە دوای یەک بۆ دانیشتووانی گەڕەکی باشووری بەیرووت (زاحیە)، پێش ئەوەی گەڕەکەکان لەگەڵ زەوی تەخت بکات، بە پشتبەستن بەو گێڕانەوەیەی کە "حزبوڵڵا" تێوەگلاوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەرێمی بۆ پاڵپشتی تاران، و ئۆپەراسیۆنەکانی تەنها ڕاوەدوونانی سەرکردە سەربازییەکانیەتی. بەڵام قەبارەی ڕوو لە زیادبوونی وێرانکارییەکانی سەر باڵەخانە نیشتەجێبوونەکان و مەدەنییەکان، پرسیاری جدی دەوروژێنێت کە ئایا ئەم ئۆپەراسیۆنانە تەنها ژێرخانێکی سەربازیی دیاریکراو دەکەنە ئامانج، یان لە ڕاستیدا دەبنە هۆی سڕینەوەی شارستانیی سیستماتیکی تەواوی ناوچەکان لەژێر پەردەی پاساوی ئەمنیدا.

وەک ئاماژەیەکی بەرچاو بۆ قەبارەی گۆڕانکاری لەهەڵوێستی ئێراندا، ڕاپۆرتێکی "ڕۆیتەرز" ئاشکرایکردوە کە زیاتر لە 150 ئێرانی، لەنێویاندا دیپلۆماتکاران و خێزانەکانیان، خاکی لوبنانیان بە فڕۆکەیەکی ڕووسی بەرەو مۆسکۆ جێهێشتووە، ئەمەش گوزارشت لە درکپێکردنی ئێران دەکات کە ئامادەیی دیپلۆماتی لە بەیرووت چیتر پارێزراو نییە لە سایەی زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیلدا.

بەدەر لەڕێرەوی جەنگی سەر ئێران و ئەو ڕێککەوتنانەی ڕەنگە لێی بکەوێتەوە، ئیسرائیل پەیامێکی ستراتیژی ڕوون دەنێرێت، ئەویش ئەوەیە کە جەنگی دژی "حزبوڵڵا" بەپێی ئەجێندای تایبەتی خۆی و خشتەی کاتیی سەربەخۆی خۆی بەڕێوەدەچێت، و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ناوەستێت بەهۆی هەر ئاگربەستێک لە تاران یان کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران. لە ناوەڕاستی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، بەیرووت جارێکی تر خۆی لەناو جەرگەی جەنگێکدا دەبینێتەوە کە خۆی هەڵی نەبژاردووە.

لەژێر کاریگەریی گورزە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دوای حەوت ڕۆژ لە ڕووبەڕووبوونەوە، ڕژێمی ئێران هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەمدا نەما جگە لە پەنابردنە بەر گوتاری هاندان و کۆکەرەوەی باوی خۆی؛ بەرپرسێکی باڵای "سوپای پاسداران" لە میدیا فەرمییەکانەوە دەرکەوت و جەختی کردەوە کە بارودۆخی ئێستا "دەرفەتێکە بۆ سڕینەوەی ئیسرائیل". پارادۆکسەکە لێرەدایە کە ئەم لێدوانە لە لایەن ڕژێمێکەوە دەدرێت کە "ڕێبەری باڵا"ی خۆی لەدەستداوە، تۆڕی میلیشیا هەرێمییەکانی هەڵوەشاوەتەوە، و تواناکانی سوپاکەشی لەژێر قورسایی لێدانە یەک لە دوای یەکەکاندا داخوراوە.

ناکرێت ئەم گوتارە بەدەر لە سیاقە ناوخۆییەکەی بخوێنرێتەوە؛ ئەمە لە ناوەرۆکدا ئاراستەی جەماوەری لایەنگری ناوخۆی ئێران کراوە پێش ئەوەی پەیام بێت بۆ دەرەوە. گوزارشت لە پێویستیی دامەزراوەیەک دەکات کە لە لێواری مەرگدایە بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لە شکۆی خۆی لەبەردەم بنکە جەماوەرییەکەیدا، نەک ئەوەی گوزارشت بێت لە توانایەکی ڕاستەقینە یان ستراتیژێکی واقیعی. کاتێک گوتاری "پاڵەوانبازی" دەبێتە دواین چەکی بەردەست، ئەوە خۆی لە خۆیدا زۆر شت دەربارەی ئەو ئاستە دەڵێت کە ڕژێمەکەی پێگەیشتووە.

لە دیمەنێکدا کە ڕژێمێکی لەرزۆک لەژێر کاریگەریی لێدانەکاندا نیشان دەدات کە بە بێهیواییەوە بەدوای هەر دەرچەیەکدا دەگەڕێت بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگییە لەدەستچووەکەی، تاران دەستەوەستانیی خۆی لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ گۆڕی بۆ لێدانی هەڕەمەکی بۆ سەر ئەو دەوڵەتانەی کە نە جەنگی دژیان ڕاگەیاندبوو و نە دوژمنایەتییەکی لەگەڵدا هەبوو.

بەرگرییە ئاسمانییەکانی سعودیە، ئیمارات و قەتەر بەرپەرچی ئەو هێرشە بێهودانەیان دایەوە. بە ئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکان، هۆتێلەکان و کەشتییە بازرگانییەکان ستراتیژی دەوڵەتێک نییە کە دەسپێشخەریی لەدەستدا بێت، بەڵکو شێواویی دەوڵەتێکە کە قیبلەنمای لێ تێکچووە؛ ئێستا بۆیە بە هەموو لایەکدا دەوەشێنێت نەک لەبەر ئەوەی دەتوانێت ئامانجێک بپێکێت، بەڵکو چونکە چیتر بەرگەی ئەوە ناگرێت لەبەردەم هەموواندا بە دەستەوەستان دەربکەوێت.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەریتانیا لە یەکەم ساتەوە هەڵوێستێکی ڕوونی هەڵبژارد، ئەویش بەشدارینەکردن بوو لە سەرەتای جەنگێکدا کە ئەسڵەن ڕاوێژی پێ نەکراوە. دوای ئەوەی ڕەزامەندی نەدا واشنتۆن بنکەی ئاسمانی "دیێگۆ گارسیا" لە دڵی زەریای هیندیدا بەکاربهێنێت، "کیر ستارمر"ی سەرۆک وەزیران خۆی لە دۆخێکدا بینییەوە کە تێگەیشتن لێی بەبێ خوێندنەوەی سیاسەتی ناوخۆیی مەحاڵە؛ پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزسیۆن داوای پاراستنی پەیوەندییە تایبەتەکەیان لەگەڵ واشنتۆن و سەرۆک ترەمپ دەکرد لە ڕێگەی پشتگیریکردنی جەنگەوە، لە کاتێکدا پارتی سەوز کە بە هێزەوە دەردەکەوێت، داوای ڕاگرتنی تەواوەتی پاڵپشتییەکانی بەریتانیای بۆ جەنگەکە و بۆ ئیسرائیل دەکرد. ستارمر خۆی لە لایەکەوە بە تومەتی "دوودڵی" و لە لایەکی ترەوە بە تومەتی "هاوکاری" دەورە دراو بەو مەرجەی ئەگەر بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری جەنگەکە بکات.

لە هەموو ئەمانەش قورستر، تەمومژی "جەنگی عێراق" و ئەو کارەساتە مرۆیی، سیاسی و ئەمنییە بوو کە بە هەموو پێوەرێک بەدوای خۆیدا هێنای، کە بووە هۆی جەنگێکی مەزهەبی و کوژرانی سەدان هەزار کەس و دەوڵەتێکی هەڵوەشاوە و بۆشاییەک کە دواتر ڕێکخراوی "داعش"ی لێ کەوتەوە.

ئێمە لەبەردەم جەنگێکی لایەنەکانداین کە بەپێی ئەوەی لێی دەترسن ڕەفتار دەکەن، نەک بەپێی ئەوەی پلانی بۆ دادەنێن. وا دیارە ئەمریکا هیچ دیدگایەکی ڕوونی نییە بۆ ئێرانی دوای ڕژێم ئەگەر بڕووخێت، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە سیناریۆیەکی بوونگەرایی دەترسێت بەڵام ئەویش ستراتیژیی "ڕۆژی دواتر"ی نییە؛ ئەو دەزانێت چی وێران دەکات، بەڵام نەخشەڕێگایەکی نییە بۆ ئەوەی چی لە ئێران، و پێشتریش لە غەززە دروست دەکات. سەبارەت بە ئێرانیش، ئەویش تەنها بە لۆژیکی "مانەوە و خۆبەدەستەوەنەدان" دەجوڵێتەوە.

بەپەلە