شارپرێس:
نوسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی وڵاتانی بیانی، سەر بەوەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، مۆڵەتێکی گشتیی نوێی دەرکرد کە بەمەرج رێگە بەفرۆشتن و گەیاندنی ئەو نەوتە خاوەو بەرهەمە نەوتییانەی ڕوسیا دەدات کە پێش 12ـی ئاداری 2026 بارکراون.
نوسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی وڵاتانی بیانی، سەر بەوەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بەڵگەنامەیەکی فەرمیی لەژێر ناوی "مۆڵەتی گشتیی ژمارە 134" دەرکرد، کە تێیدا رێگە بەگەیاندن و فرۆشتنی نەوتی خاوو بەرهەمە نەوتییەکانی ڕوسیا دەدات لەژێر مەرج و وادەیەکی دیاریکراودا.
بەپێی بڕیارەکە کە لەڕێکەوتی 12ـی ئاداری 2026واژۆ کراوە، حکومەتی ئەمریکا رێگە دەدات بەفرۆشتن، گەیاندن، یان بەتاڵکردنەوەی ئەو کەشتییانەی کە نەوتی خاو یان بەرهەمە نەوتییەکانی ڕوسیایان هەڵگرتوە، ئەم مۆڵەتەش وەک وادەیەکی کاتی تەنیا تاوەکو 11ـی نیسانی 2026 کاری پێدەکرێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەم مۆڵەتە ئەو مامەڵانە دەگرێتەوە کە زۆر پێویستن بۆ پرۆسەکانی فرۆشتن و بەتاڵکردنەوەی نەوتەکە. لەناو ئەو کارانەی کە رێگەیان پێدراوە بریتین لە؛ لەنگەردانی سەلامەتی کەشتییەکان، پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی تیمی کەشتیوانان، چاککردنەوەی بە پەلە، ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگە، دابینکردنی سووتەمەنی بۆ کەشتییەکان، خزمەتگوزارییەکانی تۆمارکردن، بیمە (دڵنیایی)، و ڕزگارکردنی کەشتییەکان.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەبڕگەی (ب)ـی بەڵگەنامەکەدا بەتوندی هۆشداری داوە کە ئەم مۆڵەتە گشتییە بەهیچ شێوەیەک ئەو مامەڵە و چالاکییانە ناگرێتەوە کە لە لایەن فەرمانە کارگێڕییەکانی دیکەوە قەدەغە کراون.
