شارپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا لەنوێترین پەیامیدا ڕایگەیاند، کوشتنی سەرکردەکانی تاران شەرەفێکی گەورەیە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیاڵ) بڵاویکردەوە،"ئێمە بەتەواوی رژێمی تیرۆریستی ئێران تێکدەشکێنین، ئەوانەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەخوێننەوە بەهەڵە وا تێدەگەن ئێمە سەرکەوتو نین، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە هێزی دەریایی و ئاسمانی ئێران نەماون و موشەک و درۆنەکانیشیان تێکشکێنراون".
سەبارەت بەئامانجی هێرشەکان، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردوە، سەرکردەکانی ئێران لەسەر ڕوی زەوی سڕدراونەتەوەو وتی، "سوپای ئەمریکا خاوەنی هێزێکی ئاگرینی بێ وێنەو تەقەمەنی بێ سنورەو کاتی پێویستیشی لەبەردەستە بۆ تەواوکردنی کارەکەی."
لەبەشێکی دیکەی نوسینەکەیدا، ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی تاران و وتی،"ئەوان بۆ ماوەی 47 ساڵ خەڵکی بێتاوانیان لەسەرتاسەری جیهاندا کوشتوە، ئێستاش من وەک 47ـەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەوان دەکوژم. ئەمە شەرەفێکی گەورەیە بۆ من".
ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو لەم جەنگەدا لانیکەم 49 سەرکردەی باڵای ئێرانیان کوشتوە، کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری پێشوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
رۆژی 28ی شوباتی ئەم ساڵ ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشێکی هاوبەشیان بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد. تاران بەموشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانی دایەوەو بەشێک لەوڵاتانی کەنداویشی کردە ئامانج.
