سەرچاوەکان: مالیکی بۆ کشانەوە لەکاندیدبون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران مەرجی قورسی هەیە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 684 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە گۆڕانکارییەکی نوێی ناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە چوارچێوەی هەماهەنگیی ئاشکرای کردووە کە نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، زنجیرەیەک مەرجی قورسی خستۆتە بەردەم لایەنەکان بۆ کشانەوەی لە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو.

 
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە کاندیدکردنی مالیکی لەلایەن ئەمریکاوە بە توندی ڕەتکرایەوە، بە جۆرێک دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی بڕینی هەموو هاوکارییەکانی واشنتۆنی بۆ عێراق کرد ئەگەر مالیکی بگەڕێتەوە سەر کورسی دەسەڵات.

بەپێی زانیارییەکان، مالیکی لە ڕێگەی ناوەندگیرێکی نێو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پەیامی خۆی گەیاندۆتە لایەنە ڕکابەرەکان، بەشێوەیەک مەرجە سەرەکییەکانی بریتین لە ڕێگریکردن لە نوێکردنەوەی ویلایەتی دووەم بۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستا، و هەروەها ڕەتکردنەوەی ناوی حەیدەر عەبادی وەک کاندیدی سازان.

 مالیکی جەخت دەکاتەوە کە دەبێت کەسایەتییەک دیاریی بکرێت کە ڕەزامەندیی کەسیی ئەوی لەسەر بێت و جێگەی قبووڵکردنی هەمووان بێت.
لە بەرانبەردا، بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق پێداگری لەسەر مانەوەی سوودانی دەکەنەوە و پێیان وایە تەنها ئەو دەتوانێت عێراق لە گرژییە ناوخۆییەکان و سزای دەرەکی بەدوور بگرێت.

لە ئێستادا چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەکانی دوای پشووی جەژنی ڕەمەزانن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم ململانێیانە، لە کاتێکدا کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هێشتا وەک بەربەستێکی دەستووریی گەورە لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتدا ماوەتەوە.