شارپرێس:
سەرەڕای گرژییە سەربازییەکان، ژێرخانی وزە لەدورگەی خارگ پارێزراوەو هەناردەکردنی نەوت بەردەوامە، ئەمەش ڕێگریی لەقەیرانێکی گەورەی وزە کردوەو دەرگای گفتوگۆی دیپلۆماسی بهکراوەیى هێشتوەتەوە.
سهربارى گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چاوەکان چونەتەسەر دورگەی خارگ، کە بەشا دەماری هەناردەکردنی نەوتی ئێران دادەنرێت، ئەو دورگە بچوکەی ناو کەنداوی عەرەبی، لەئێستادا نەک هەر بۆ تاران، بەڵکو بۆ بازاڕی وزەی جیهانیش بوەتە خاڵێکی یەکلاکەرەوە.
ئەو دورگەیە نزیکەی له90٪ی کۆی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران بەڕێدەکات، بەهۆی قووڵیی ئاوەکەیەوە، تەنها شوێنە لەکەناراوەکانی ئێران کە گەورەترین تانکەرە نەوتییەکانی جیهان بتوانن لێی جێگیربنو بارباربکەن، شارهزایانى ئابورى باس لهوهدهكهن، بەبێ خارگ، ئابوریی ئێران کە پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت، ڕوبەڕوی پەککەوتنی تەواوەتی دەبێتەوە.
بهگوێرهى دوایین پێشهاتەکان، ئەم دورگەیە کەوتوەتە ناو جەرگەی ململانێ سەربازییەکانەوە، هێزەكانى ئەمریکا ئاماژەیان بەوەکردوە، بنکە سەربازییەکانی ناو دورگەکەیان کردوەتە ئامانج، بەڵام تائێستا ژێرخانی نەوتییەکەیان (بۆ ڕێگریکردن لەبەرزبونەوەی نرخی نەوت) پاراستوە.
هاوكات شارەزایان هۆشداریدەدەن، هەر زیانێکی گەورە بەر سەکۆکانی نەوتی خارگ بکەوێت، نرخی بەرمیلێک نەوت لەبازاڕە جیهانییەکاندا ڕەنگە بۆ سەروو 150 دۆلار بەرزبێتەوە.
هەندێک ڕاپۆرتی هەواڵگریش باس لەوەدەکەن، ئەگەری کۆنترۆڵکردنی دورگەکە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە وەک فشارێکی کۆتایی بۆ سەر حکومەتی تاران.
دورگەی خارگ تەنها پارچە زەوییەکی وشکانی نییە، بەڵکو وهكو دهوترێت، کلیلی مانەوەی ئابوریی ئێرانو سەقامگیریی نرخی وزەیە لەجیهاندا، هەر گۆڕانکارییەک لەدۆخی ئەو دورگەیە، نەخشەی سیاسییو ئابوریی ناوچەکە دەگۆڕێت.
