شارپرێس:
لەکاتێکدا ئێرانییەکان
لەنێوان چەکوشی جەنگو سنگەگوتەی بڕانی تەواوەتی ئینتەرنێتدا دەژین، ئاژانسی هەواڵی
ئیسنا بڵاویکردەوە کە هێزە ئەمنییەکان لەشاری شیراز، توانیویانە کەسێک دەستگیربکەن
کە بەسەرپەرشتیاری تۆڕی فرۆشتنی ئینتەرنێتی ستارلینک لەچەندین پارێزگای وڵاتدا وەسفدەکرێت.
بهگوێرهى ڕاپۆرتی
جێگری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای فارس، تۆمەتبارەکە پیاوێکی تەمەن 37 ساڵە، پۆلیس
دەڵێت، ئەوکەسە تۆڕێکی بەرفراوانی لەچەندین پارێزگا دامەزراندوە بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی
بێ فلتەر لەڕێگەی ئامێرەکانی ستارلینکەوە، لەکاتی هەڵکوتانەسەر شوێنى نیشتهجێبونیشى،
دەستبەسەر چەندین ئامێری ستارلینکو کەرەستەی پەیوەندیکردنی مانگی دەستکرددا گیراوە.
ئەم دەستگیرکردنە
لەکاتێکدایە کە ئێران ماوەی 14 ڕۆژە لەژێر هێرشی سەربازیی ئیسرائیلو ئەمریکادایە،
لەگەڵ دەستپێکی جەنگەکە، حکومەت ئینتەرنێتی وڵاتی بەتەواوی پچڕاندوە، ئەمەش وایکردوە،
هاوڵاتیان بۆ پەیوەندیگرتن بەجیهانی دەرەوە، پەنا بەرنەبەر ئامێرە مانگییەکانی کۆمپانیای
(سپەیس ئێکس)، بەڵام ئەو هەوڵەی هاوڵاتیان بۆ شکاندنی گەمارۆی زانیاریی، بێ باج نییە؛
بهگوێرهى یاساکانی کۆماری ئیسلامی، بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە بەتاوان هەژماردەکرێتو
سزاکەی دەگاتە زیندانیکردن.
ئەوە یەکەمجارنییە
کە ئێرانییەکان لەپەیوەندی دادەبڕێن، پێش بەرپابونی جەنگو لەکاتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی
تەنها دوو مانگ لەمەوبەر، كه بهخۆپیشاندانهكانى (بەفرانبار) ناودهبرێن، حکومەت
بۆ ماوەی 18 ڕۆژ ئینتەرنێتی بڕی، لەو ماوەیەشدا، دەزگا ئەمنییەکان توانییان بەبەکارهێنانی
تەکنەلۆژیای (جامەر)و تێکدانی شەپۆلەکان، کارکردنی ئامێرەکانی ستارلینکش لەزۆرێک لەناوچەکاندا
کەمبکەنەوە یان پەکبخەن.
دەستگیرکردنی ئەو
گەنجە 37 ساڵەیە لەشیراز، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە حکومەت تەنانەت لەژێر بۆردومانو
بارودۆخی جەنگیشدا، کۆنترۆڵکردنی زانیارییو ڕێگریکردن لەگەیشتنی دەنگی ناوەوە بەجیهان،
بەئەولەویەتێکی باڵای ئەمنی دەزانێت.
