شارپرێس:
میدیاکانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند کە سوپای ئیسرائیل بەنیازە بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە درێژە بە هەڵمەتە سەربازییەکەی دژی ئێران بدات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شیکارییەکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە پێشهاتە ناوخۆییەکانی ناوخۆی ئێران دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر ڕەوتی شەڕەکە.
کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری وتەبێژی سەربازی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، سوپا پلانی هەیە بۆ "لانیکەم سێ هەفتەی دیکە" درێژە بە هەڵمەتەکانی دژ بە ئێران بدات، ئاماژەی بەوەشکرد، سوپا "هێشتا هەزاران ئامانجی هەن و ئامادەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکییەکان لێیان بدات".
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد، سوپا "بەپێی خشتەی کاتی کارناکات، بەڵکو بەپێی گەیشتن بە ئامانجەکانییەتی".
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، پێویستە گەلی ئێران لەدژی ڕژێم ڕاپەڕن و چارەنووسی شەڕەکە دیاری بکەن.
ماڵپەڕی ینێت گڵۆباڵ لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرکردایەتی ئیسرائیل دەستیکردووە بە ناردنی سیگناڵەکان کە ئاماژە بەوە دەکەن کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران لە کۆتاییدا ڕەنگە پەیوەست بێت بە جموجۆڵە ناوخۆییەکانی گەلی ئێران دژی ڕژێمی دەسەڵاتدار.
