لەدەستدانی کارتی هورمز توانای خۆڕاگریی تاران بۆ ماوەیەکی درێژ ناهێڵێت.

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 38 جار خوێندراوه‌ته‌وه

وەرگێڕان: د.حلمى رەسوڵ ڕەزا

ئێران داوای لە وڵاتانی جیهان کرد کە خۆیان لە "هەر کارێک" بپارێزن ببێتە هۆی فراوانکردنی بازنەی جەنگ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بە مەبەستی پاراستنی گەرووی ستراتیژیی هورمز. ئێران دەترسێت ئیدارەی ئەمریکا بتوانێت وڵاتان ڕازی بکات بە بەشداری لە پرۆسەی پاراستنی گەرووەکەدا، کە پێشتر پێنجەکی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە بە تەواوی داخراوە.

گەرووی هورمز بە گرنگترین کارتی فشاری دەستی ڕژێمی ئێران دادەنرێت، بۆیە لەدەستدانی ئەم کارتە وادەکات تاران توانای خۆڕاگریی بۆ ماوەیەکی زۆر لەم جەنگەدا نەمێنێت کە چووەتە هەفتەی سێیەمیەوە. ڕۆژنامەی «فاینانشال تایمز» لە زمان بەرپرسێکەوە بڵاوی کردەوە کە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێی ئەگەری فراوانکردنی ئەرکی دەریایی دەکەن بۆ گەرووی هورمز و ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەنجامدانی ئەرکێکی دەریایی هاوبەش لەنێوان یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستەبەرکردنی هاتوچۆی سەلامەت "پێشبینیکراوترە". دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وڵاتان کردبوو کە کەشتیی جەنگی بنێرن بۆ هاوکاریکردن لە پاراستنی دابینکردنی نەوتی جیهانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر نرخەکانی نەوت و پاراستنی ئاسایشی وڵاتانێک کە ئابوورییان زیاتر بەرکەوتەی ململانێکان دەبێت. ترامپ بە تایبەتی ناوی فەڕەنسای وەک هاوبەشێکی سەرەکی هێنا، جگە لە چین، ژاپۆن، شانشینی یەکگرتوو و کۆریای باشوور.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی «العربي الجديد» جەختی کردەوە کە جەنگ کۆتایی نایەت تا ئەو کاتەی تاران دڵنیا دەبێتەوە کە دووبارە نابێتەوە. عێراقچی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ژان نۆیێل بارۆ، هاوتا فەڕەنسییەکەی، داوای لە وڵاتانی جیهان کردبوو کە "خۆیان لە هەر ڕێکارێک بپارێزن ببێتە هۆی پەرەپێدانی ململانێکان و فراوانکردنیان". تا ئێستا هیچ وڵاتێک بە فەرمی وەڵامی داواکەی واشنتۆنی نەداوەتەوە. سیۆل ڕایگەیاندووە کە "بە وردی داواکارییەکە تاوتوێ دەکات"، لە کاتێکدا لەندەن گوتی "لە ئێستادا لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان خەریکی گفتوگۆین لەسەر کۆمەڵێک بژاردە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی دەریاوانی لە ناوچەکەدا". بەڵام حکومەتی بەریتانیا پێی وایە لە ئێستادا لەپێشینەی کارەکان "کەمکردنەوەی گرژییەکانە". تاکایۆکی کۆبایاشیی، بەرپرسی سیاسەتەکان لە پارتی فەرمانڕەوای ژاپۆن، ڕایگەیاند کە ڕێساکانی ناردنی کەشتیی دەریایی ژاپۆن بۆ ناوچەکە بەپێی یاسا توندەکانی ئێستای وڵاتەکە "زۆر قورسە". ترامپ لە لێدوانەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بەدوور زانی. ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی «NBC News» گوتی پێی وایە تاران پەرۆشی دانیشتنە لەسەر مێزی دانوستان، بەڵام واشنتۆن بۆ بەدەستهێنانی مەرجی باشتر بەردەوام دەبێت لە جەنگ، و ڕەنگە جارێکی دیکە ئامانجەکانی ناو "دوورگەی خارگ" بۆردومان بکاتەوە "تەنها بۆ کات بەسەربردن" .

دوای زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی، هیچ کام لە لایەنەکان توندیی گوتارەکانیان کەم نەکردووەتەوە سەرەڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان و زیانە ئابوورییەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ترامپ گوتی: "ئێران دەیەوێت ڕێککەوتن بکات و من نامەوێت، چونکە تا ئێستا مەرجەکان بەو ڕادەیە باش نین"، و هۆشداریشی دا کە هێزەکانی ئەمریکا هێرشەکانیان بۆ سەر کەناراوەکانی ئێران لە باکووری گەرووەکە چڕتر دەکەنەوە بۆ زەمینەسازیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران هەفتەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکی نووسراودا بەڵێنی دا کە گەرووی هورمز بە داخراوی بهێڵێتەوە. بەڵام ترامپ ئەو لێدوانانەی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەنگە ڕکابەرەکەی بە تەواوی کۆنترۆڵی بارودۆخەکەی لەدەستدا بێت و گوتی: "نازانم ئایا ئەو لە ژیاندا ماوە یان نا، تا ئێستا کەس نەیتوانیوە نیشانی بدات". ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە ڕێبەری نوێ "هیچ کێشەیەکی نییە" سەرەڕای دەرنەکەوتنی لەبەردەم گشتیدا. لەم نێوەندەدا، سوپای ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە شەپۆلێکی نوێی هێرشی بۆ سەر ئامانجەکانی ڕۆژئاوای ئێران ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای پاسداران هەڕەشەی لە بنیامین نەتانیاهۆ کرد و گوتی: "ئەگەر ئەم تاوانبارە منداڵکوژە لە ژیاندا مابێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە ڕاوەدوونان و کوشتنی". ویلایەتە یەکگرتووەکان دووبارە داوای لە هاووڵاتیانی کرد کە عێراق جێبهێڵن، چونکە باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ئەو بنکانەی هێزە ڕۆژئاواییەکانی تێدایە بەرەوڕووی هێرش بوونەتەوە. سەرەڕای توندیی گوتارەکان، هاووڵاتیانی تاران توانیویانە کارەکانیان بە شێوەیەکی ئاسایی ئەنجام بدەن لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە ٢٨ی شوبات، کاتێک عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشوو و باوکی موجتەبا، لە هێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلیدا کوژرا. قەرەباڵغی لە شەقامەکان زیاتر بووە و هەندێک چایخانە و چێشتخانە کراونەتەوە. زیاتر لە سێیەکی دوکانەکانی بازاڕی "تەجریش" لە باکووری پایتەخت، پێنج ڕۆژ پێش جەژنی نەورۆز کراونەتەوە.

هەندێک لە کڕیاران لەبەردەم ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) ڕیزیان بەستووە، لە کاتێکدا سیستمی ئەلیکترۆنیی "بانکی میللی" لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەکیکەوتبوو. بەحرەین و سعوودیە ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند کە ژمارەیەکی نوێی مووشەک و تەنە فڕیوەکانیان تێکشکاندووە دوای ئەوەی دەنگی زەنگی مەترسی لە مەنامە بیستراوە. دەسەڵاتدارانی دوبەی ڕایانگەیاند کە بەرگرییە ئاسمانییەکان چەند هێرشێکیان تێکشکاندووە دوای ئەوەی سوپای ئێران هۆشداری دابووە هاووڵاتیانی ئیمارات کە لە ناوچەی بەندەرەکان دوور بکەونەوە. عێراقچی گوتی تاران "بەڵگەی زۆری" لەدەستدایە کە بنکە ئەمریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێدانی ئێران بەکارهێنراون و گوتی مووشەک لە ئیماراتەوە ئاراستەی دوورگەی خارگ کراوە. هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی دوورگەی خارگیان بۆردومان کرد، کە نزیکەی تەواوی هەناردەی نەوتی ئێرانی پێدا تێپەڕ دەبێت. بەڵام هەردوولا جەختیان کردەوە کە هێرشەکان تەنها بەرگرییە سەربازییەکانیان پێکاوە و ژێرخانی نەوتیی دوورگەکە زیانی بەرنەکەوتووە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، زیاتر لە ١٢٠٠ کەس بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کوژراون. کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت نزیکەی ٣.٢ ملیۆن کەس لە ناوخۆی ئێراندا ئاوارە بوون کە زۆربەیان لە پایتەخت و شارە گەورەکانەوە هەڵاتوون.