شارپرێس:
بهگوێرهى نوێترین زانیارییەکانی شوێنپێهەڵگری دەریایی، کەشتییەکی جەنگیی زەبەلاحی هێزی دەریایی ئەمریکا کە هەزاران سەربازو دەریاوانى هەڵگرتوە، لەنزیک سەنگافورەو گهروى (مەلاقە) بینراوەو بەخێرایی بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهڕێوهیه.
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى سهرچاوهكانى ههواڵ بڵاویانكردهوه، کەشتیی هێرشبەری وشکاوەکی (USS Tripoli)، کە بەهەڵگری فڕۆکەی بچوک دادەنرێتو درێژییەکەی 850 پێیەو فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوی جۆری F-35و فڕۆکەی گواستنەوەی ئۆسپری هەڵگرتوە.
CNNى ئهمریكى ئاشكرایكردوه، کەشتییەکە یەکەی 31ی هێزەکانی مارێنز (31st MEU) دەگوازێتەوە؛ ئەم یەکەیە هێزێکی دەستوەردانی خێرایەو لە2200 سەرباز پێکهاتوە کە بۆ ئۆپەراسیۆنی تایبەتو هێرشی وشکانىو کاری لۆجستی ڕاهێنراون.
هەرچەندە پنتاگۆن شوێنی وردی جێگیربونی ئهو هێزهى ئاشکرانەکردوە، بەڵام بەرپرسان جەختیانکردوەتەوە، ئامانجەکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە لەگەڵ ئێران گەیشتوەتە ئاستێکی باڵا.
کەشتییەکە لە 11ی ئاداردا لەژاپۆنەوە بەڕێکەوتوەو بەیانی ئهمڕۆ سێشەممە بەخێرایی 22 میل لەکاتژمێرێکدا لەنزیک ئاوەکانی سەنگافورە بینراوە.
کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا زۆربەی کات ئامێرەکانی ناسینەوە (AIS) دەکوژێننەوە، بەڵام لەناوچە قەرەباڵغەکاندا بۆ دورکەوتنەوە لەپێکدادان دەیانخەنەگەڕ، ئەمەش ڕێگەی بەسایتەکانی چاودێریداوە شوێنەکەی دیاریبکەن، چاودێرانیش دهڵێن، ئەم جوڵە سەربازییە وەک پەیامێکی ئامادەباشیو بەهێزکردنی پێگەی ئەمریکا لەناوچەکەدا لێکدەدرێتەوە.
