جێگرەكەی پزیشكیان وەڵامێكی توندی ترەمپ دەداتەوە.. هەڕەشەو پاشەكشە تەنیا زیان بەخۆت دەگەیەنێت

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 186 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یاریدەدەرێکی سەرۆک کۆماری ئێران، هێرشێکی توند دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمریکاو ڕایدەگەیێنێت، هەڕەشەو پاشەکشەکانی ترەمپ تەنیا زیان بەخۆی دەگەیەنن.

 
ئیسماعیل سەقاب ئەسفەهانی، یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێران لەپۆستێکدا لەئێکس سەبارەت بەهەڵوێستەکانی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند،"ترەمپ رێک لەدۆخی مشاردا گیریکردوە؛ چ ئەو کاتەی هەڕەشە دەکات و بەخەیاڵی خۆی دێتە پێشەوە، چ ئێستا کە بە شێوەیەکی شەرمەزارانە پاشەکشە دەکات، لەهەردوو حاڵەتەکەدا زیاتر خۆی بریندار دەکات".
 
یاریدەدەری سەرۆکۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بەردەوامبونە لەپێشڕەوی و پاشەکشەکردن، دواجار دەبێتە هۆی لەناوبردنی سیاسیی ترەمپ بۆ هەمیشە". وتیشی،"بەهۆی ڕابردوی قسەو رەفتارەکانی، ئیدی قسەکانی ترەمپ بۆ هیچ ئێرانییەکی ژیر، هیچ بەهایەکی نەماوە".
 
لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئەسفەهانی ڕوی دەمی کردە فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی و پشتگیری خۆی بۆ هێرشەکان دەربڕی و وتی،"سەردار و ئەمیرە ئازیزەکانی ئێران؛ لێبدەن، چونکە باش لێدەدەن".
 

ئەمە لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە مۆڵەتی 48 كاتژمێرەی بەئێران دابوو، کە دەبێت تەنگەی هورمز بکاتەوە، لەئەگەری چاوەڕواننەكراویشدا، ئەمڕۆ ترەمپ جارێکی دیکە قسەی کردو وتی، گفتوگۆی باشیان لەگەڵ ئێران هەبوە، بۆیە مۆڵەتی ‌هێرشەکەی سەر کەرتی کارەبای ئێرانی بۆ پێنج ڕۆژی دیکە درێژ دەکاتەوە.