شارپرێس:
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بەڕاگرتنی هەموو جۆرە هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیەک لەناو قوتابخانەکانداو دەشڵێت، نابێت بەهیچ شێوەیەک قوتابیان بۆ ئەو مەبەستە سەردانی قوتابخانە بکەن.
نوسراوێکی فەرمی بەواژۆی نورەدین عپمان سعید، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزمونەکانی وەزارەتی پەروەردە، ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە(هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین، سۆران و زاخۆ) کراوەو تێیدا چەند بڕیارێکی نوێ لەبارەی پڕۆسەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان درا.
لەنوسراوەکدا هاتوە، دوای ئەوەی پڕۆسەی خوێندن کرایە ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین، هەموو جۆرە هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیەک لەناو قوتابخانەکان (حکومی، ناحکومی و نێودەوڵەتییەکان) ڕادەگیرێت و دەڵێت،"بەهیچ شێوەیەک قوتابی و خوێندکار نابێت ببرێتە ناو قوتابخانەکان" و لەم قۆناغەدا تەنیا پڕۆسەی خوێندنی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت.
لەبارەی ئەو قوتابیانەی کە تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتییان هەیە، وەزارەتی پەروەردە ڕونیكردۆتەوە، كە ئەو قوتابخانانەی تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتییان هەیەو بەستراوەتەوە بەکات و رێککەوتی دەرەوەی وڵات، پێویستە پێشوەختە بەنوسراوی فەرمی وەزارەتی پەروەردە ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی رێگەپێدانیان بۆ بکرێت و ئاسانکارییان بۆ ئەنجام بدرێت".
ئەم ڕێکارە نوێیانە دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەکشەممە، 29-03-2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا خوێندنی ئامادەبون لەنو پۆل ڕابگیرێت و پڕۆسەکە تەنیا بەشێوازی ئۆنلاین بەردەوام بێت.
