شارپرێس:
بەگوێرەی کەناڵی "i24NEWS"ی ئیسرائیلی و پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمریکییە ئاگادارەکان، سوپای ئەمریکا خەریکی ئامادەکارییە بۆ ناردنی هێزێکی وشکانی زۆر بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا لە ئەگەری بڕیاردان لەسەر بژاردەی سەربازی، توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی دژی ئێران هەبێت.
سەرچاوە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەم هێزە هەزاران سەربازی مارینز و پەڕەشووت لەخۆدەگرێت و باس لە ئەگەری زیادکردنی 10000 سەربازی دیکەی پیادەش دەکرێت.
دەشڵێت: لە نێوان ئەو پێشنیارانەی خراونەتە بەردەم سەرۆک ترەمپ، کۆنترۆڵکردنی دوورگەی نەوتیی "خارگ" و هێرشکردنە سەر ناوچە کەنارییەکانی نزیک گەرووی هورمز هەیە، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان.
بەوتەی سەرچاوەکە، بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنە ڕەنگە چەند مانگێک بخایەنێت و ئامانج لێی داگیرکردنی تەواوەتی ئێران نییە، بەڵکو هەموو بڕیارەکان بەپێی پەرەسەندنە دیپلۆماسیی و سەربازییەکان لە لایەن سەرۆکەوە دەدرێن.