شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمرۆ دووشەممە ڕایگەیاند کە باڵیۆزی تاران لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو فەرمانانەی کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی لوبنانەوە دەرچووبوو بۆ ئەوەی وڵاتەکە جێبهێڵێت.
هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی لوبنان کشانەوەی متمانەی لە محەمەد ڕەزا شەیبانی باڵیۆزی ئێران ڕاگەیاند و وەک کەسێکی نەخوازراو دەستنیشانی کرد و داوای لێکرد تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە کە دەکاتە 29ی مارس وڵاتەکە جێبهێڵێت.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی ئێرانی ئاشکرای کرد کە باڵیۆزی وڵاتەکەیان دوای کۆتایی هاتنی وادەی دیاریکراو لوبنان جێناهێڵێت، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاریی حزبوڵا و نەبیە بەری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، شەیبانی لە لوبنان دەمێنێتەوە دوای ئەوەی حزبوڵا داوای لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کرد دەستبەجێ لە بڕیاری کشانەوەی متمانە لە باڵیۆزەکە پاشەکشە بکەن، چونکە مانەوەی ئەو لەسەر داوای ڕاستەوخۆی نەبیە بەری و سەرکردایەتیی حزبوڵایە کە نایانەوێت تاران لەم کاتەدا نوێنەری فەرمیی خۆی لە بەیرەوت لەدەست بدات.