باشترین خواردنەوە لەبەیانیاندا بۆ تەندروستی گورچیلە

تەندروستی

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 333 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

پێشەکی
گورچیلەکان لە گرنگترین ئەندامەکانی لەشن، ئەرکە سەرەکییەکەیان پاککردنەوەى خوێن لەژەهر، ڕێکخستنی هاوسەنگی شلەمەنى جەستە و دروستکردنى میز بۆ پاککردنەوەى جەستە . ڕێجیم و شێوازی ژیان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کاراییە گورچیلەکان هەیە.

توێژینەوەکانی ئەم دواییە کە لە ماڵپەڕى  Eating Well بڵاوکراونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنەوەی ئاو لە بەیانیاندا باشترین خووی ڕۆژانەیە بۆ پاڵپشتیکردنی تەندروستی گورچیلە و باشترکردنی کارکردنی.

یەکەم: بۆچی ئاو باشترین خواردنەوەی بەیانیانە؟
1. شلکردنەوەی پاشماوەکان (Diluting Waste): دوای چەند کاتژمێرێکی زۆر لە خەوتن، جەستە دەچێتە حاڵەتێکی کەم بوونەوەى ڕێژەیی شلەمەنی. خواردنەوەی ئاو لە بەیانیاندا یارمەتی شلکردنەوەی چڕیی پاشماوەکان دەدات لە خوێندا، پرۆسەی پاڵاوتنی گورچیلە ئاسان دەکات و نەهێشتنی ژەهرەکان لە ڕێگەی میزەوە باشتر دەکات. گورچیلەکان زیاتر لە یەک ملیۆن یەکەی فلتەرکەر (نێفرۆن) لەخۆدەگرن و بە شێوەیەکی کارا کاردەکەن کاتێک شلەمەنى پێویست لەبەردەستدا بێت.

2. پاراستنی شێدارى: وشکبوونەوەى جەستە یەکێکە لەو هۆکارە جددیانەی کە کاریگەری لەسەر گورچیلە دەبێت، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای پاڵاوتنی گورچیلە، زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە وپەستانی درێژخایەنی گورچیلە. ئاو باشترین هەڵبژاردەیە بۆ شێدارکردن بە بەراورد بە خواردنەوە دەستکردەکان یان شیرینکراوەکان.

3. باشترکردنی سووڕى خوێن: ئاو ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی قەبارەی خوێن، کەمکردنەوەی چەسپاوی خوێن و  باشترکردنی ڕۆیشتنی خوێن بۆ گورچیلە. بەرزی پەستانی خوێن (بەرزی فشاری خوێن) هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لەکارکەوتنی گورچیلە، هەروەها خواردنەوەی ئاو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یارمەتی کەمکردنەوەی فشاری خوێن دەدات لەسەر کۆئەندامی سووڕی خوێن.

دووەم: پەیوەندی نێوان ئاو و کارکردنی گورچیلە
کاتێک جەستە بە باشی شێداربێت،  گورچیلەکان بە شێوەیەکی کاراتر کاردەکەن بۆ نەهێشتنی پاشماوەکان،  ئەگەری تووشبوون بە بەردی گورچیلە کەم دەبێتەوە،  خوێ و کانزاکان باشتر ڕێکدەخرێن. لە حاڵەتی وشکبوونەوەدا، چڕیی کالیسیۆم زیاد دەکات، ئەگەری دروستبوونی بەرد بەرز دەبێتەوە و فشاری هۆرمۆنەکان (وەک سیستەمی ڕێنین-ئەنجیۆتەنسین) زیاد دەکات.

سێیەم: چۆن ئاو خواردنەوە بکەینە خووی بەیانیان؟
دەتوانرێت ستراتیژیەتی سادە جێبەجێ بکرێت، وەک دانانی پەرداخێک ئاو لە تەنیشت جێگاکەتەوە، خواردنەوەی ئاو ڕاستەوخۆ دوای شوشتنی ددان و  بەستنەوەی بەکارهێنانی ئاو بە خوویەکی ڕۆژانە (وەک خواردنەوەی قاوە). هەروەها قاوە و چا (بەتایبەت چای سەوز) دەتوانن بەشداربن لە شێدارکردنى جەستە، بەڵام جێگرەوەی ئاو نین.

دەرەنجام
بێ گومان ئاو باشترین هەڵبژاردەیە بۆ تەندروستی گورچیلە، بەتایبەتی کاتێک گەر بەیانیان بخورێتەوە. ئەو  پاشماوەکان شل دەکاتەوە،  پارێزگاری لە شێدارکردن دەکات و  پاڵپشتی سوڕى خوێن دەکات. جگە لەوەش پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە شەکر و چاودێریکردنی هۆکارەکانی مەترسی پێویستن بۆ پاراستنی کارکردنی گورچیلە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

پێشنیار: 
ڕۆژەکەت بەم شێوەیە دەست پێ بکە: یەک بۆ دوو پەرداخ ئاو یەکسەر لەگەڵ لە خەو هەڵسان. پاشان بەردەوام بە لە خواردنەوەى ئاو لە تەواوى ڕۆژەکەت بە ڕێژەى ٢-٣ لیتر ئاو بەپێی ئاستی چالاکییەکانت و کێشت.