وۆڵ ستریت جۆڕناڵ: ئەمریکاو ئیسرائیل خەریکی داڕشتنی پلانێکن بۆ وێرانکردنی یەکجارەکیی ژێرخانی ئابوریی ئێران

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1075 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جورناڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل خەریکی داڕشتنی پلانێکی هاوبەشن بۆ وێرانکردنی ژێرخانی ئابووریی ئێران بە شێوەیەک کە ڕێگریی لە هەر گەشەکردنێکی ئەو وڵاتە بگرێت لە داهاتوودا.

 
بەرپرسانی ئیسرائیلی بە رۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە کە چاوەڕێی دەسەڵاتی تەواو دەکەن لە لایەن واشنتۆنەوە بۆ ئەوەی دەست بکەن بە لێدانی وێستگەکانی وزە و دامەزراوە نەوتییەکان، ئەمەش گورزێکی کوشندە لە کەرتی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی ئێران دەوەشێنێت کە بڕبڕەی پشتی دارایی ئەو وڵاتەیە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجی ئەوان تەنها لێدانی سەربازی نییە، بەڵکو دەیانەوێت سەرجەم پردە ستراتیژییەکان و وێستگەکانی کارەبا لەناو ببەن، بە جۆرێک کە پرۆسەی چاککردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە 20 ساڵ بخایەنێت. 

چاودێران دەڵێن ئەم هەنگاوە نوێیە وەک پەرەسەندنێکی گەورە لە جەنگی 5 هەفتەی ڕابردوو دەبینرێت کە مەبەست لێی ناچارکردنی تارانە بۆ کۆتاییهێنان بەو ئاستەنگانەی بۆ گەرووی هورمز دروستی کردووە. 

تائێستا هێرشەکان بۆ سەر کارگەکانی پۆڵا و کەرتی پێترۆکیمیاوی دەستیان پێکردووە، ئەمەش وەک پەیامێکە کە ئابووریی ئێران دەخرێتە ناو شەڕێکی پڕ لە وێرانکارییەوە.

 ترەمپ لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ کاتی دەسپێکردنی هێرشە سەرەکییەکەی بۆ کاتژمێر 8 ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە بە کاتی کەناراوەکانی ڕۆژهەڵات دیاری کردووە، ئەگەر بێت و تاران مەرجەکان جێبەجێ نەکات و گەرووی هورمز نەکاتەوە.

بەپەلە