شارپرێس:
دوای ئەوەی ئەمڕۆ، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و جێبەجێکردنی سیستمی ئەلکترۆنی لەدەروازە سنورییەکان كۆبونەوە، بڕیاریاندا بەڕێوەبردنی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی هاوبەش بێت و لەسەر جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا ڕێككەوتن..
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی كۆبونەوەكە، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی كردوە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆبونەوەکە، لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتون، بەتایبەتی لەبواری پێناسەی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی.
هەروەها بڕیار درا سیستمی ئەسیکۆدا لەدەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بەمەرجێک داڕشتنی سیاسەتی گومرگی ئەرکی حکومەتی فیدراڵی بێت و بەڕێوەبردنی گومرگەکانیش بەشێوەی هاوبەش بێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هاوكات، لەكۆبونەوەكەدا بڕیار دراوە شاندێکی هونەریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لەهەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی نیشتمانیی وەزارەتی دارایی عێراق کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی یەکخستنی رێکارەکان بە رەچاوکردنی تایبەتمەندی و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاریشە لە چەند رۆژێکی کەمدا هەردوو تیم ڕاپۆرتێک بدەنە ئەنجوومەنی ئابوری بۆ دەرکردنی بڕیاری پێویست.
