شارپرێس:
لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی شاندی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكانی بەغدا، بڕیاردا بۆ جیبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا لەدەروازەكانی هەرێمی كوردستان تیمێكی هاوبەش پێكبهێنرێت، هاوكات، بڕیاریشدراوە، لەسیستمەكەدا زمانی كوردی زیادبكرێت.
تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی تەكنیكی كردوە تایبەت بەجێبەجێكردنی سیستەمی (ئیسكۆدا)و یەكخستنی رێكارە گومرگییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
ئەم كۆبونەوەیە بۆ تاوتوێكردنی ڕەشنوسی رێككەوتنی جێبەجێكردنی پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی گومرگی (ئەسكیۆدا) بوو لەهەرێمی كوردستان، ئەمە بەگوێرەی رێنماییەكانی كۆبونەوەی 6ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی وزاری ئابوری.
بەپگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی عێراق، لەكۆبونەوەكەدا تەیف سامی جەختی كردوەوە لەسەر پێویستیی ڕەچاوكردنی یاساكان لەناو سیستەمی (ئەسكیۆدا)و دەستنیشانكردنی سەرجەم بەریەككەوتنە یاساییەكان لەنێوان بەغدادو هەرێمی كوردستان، بۆئەوەی هەماهەنگی بكرێت و ڕەزامەنی فەرمییان لەبارەوە وەربگیرێت.
لەكۆبونەوەكەدا رێككەوتن كراوە لەبارەی ئەوەی "لەلایەن كۆمپانیا پەیوەندیدارەكانەوە لەهەرێمی كوردستان، تیمێكی ئەسكیۆدا تایبەت بەهەرێم دروستبكرێت و ببیت بەبەشێك لەتیمی نیشتمانی، دەسەڵات و بەرپرسیارێتی هەرلایەك بە وردی دیاری بكرێت و گەرەنتی ئەوە بكرێت كارەكان بەبێ كێشە بەڕێوەبچن.
بەمەبەستی بەرزکردنەوەی لایەنە تەکنیکیەکان، وەزیری دارایی عێراق فەرمانیداوە، شانبەشانی زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، ڕوکارێکی زمانی کوردی لەناو سیستەمەکەدا دابنرێت، بۆ دڵنیابون لەئاسانکاری بەکارهێنان.
