ستارمه‌رو جەنگی ئێران.. كاتژمێرى ڕزگاربون یان سەرەتای کۆتایی؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوی لەسەر گڕەی ئاگری جەنگی ئێران بوو، لەپشت پەردە تاریکەکانی (وێستمینستەر ـ ناوەندی دەسەڵاتی سیاسیی بەریتانیا)دا پرسیارێکی چارەنوسساز دەنگدەداتەوە، ئایا ئەم قەیرانە دەبێتە ئەو تەوقی نەجاتەی کە که‌یر ستارمر لەخنکان ڕزگاردەکات، یان تەنها دواین مۆمە پێشئەوەی ڕەشەبای هەڵبژاردنەکان بیکوژێنێتەوە؟.


گەڕانەوە بۆ مێژوو.. سێبەری گۆردن براون
ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ئاشکرایكردوه‌،لەناو ڕیزەکانی پارتی کرێکاراندا بەراوردکارییەکی مێژویی سەرنجڕاکێش هەیە، بەهەمانشێوەی کە قەیرانی دارایی 2008 بوە فریادڕەسی گۆردن براون‌و ناسنامەیەکی نوێی پێبەخشی، ئێستا جەنگی ئێران ئامانجێکی ڕونی داوەتە دەست ستارمر، ئەو سەرۆک وەزیرانەی کە تا دوێنێ بەدەست بێبەرنامەیی‌و گه‌نده‌ڵیى (لۆرد ماندلسۆن ـ  کەسایەتییەکی دێرین‌و مشتومڕاوی پارتی کرێکارانە)ه‌وە دەیناڵاند، ئێستا وەک سەرکردەی کاتی تەنگانە خۆی نیشاندەدات؛ بەتایبەت دوای ئەوەی توانیی بەگژ داواکارییەکانی دۆناڵد ترەمپدا بچێتەوەو بەریتانیا لەجەنگێکی بێزارکەر بۆ دەنگدەران دوربخاتەوە.

ڕاکردن لەحەمامی خوێنی هەڵبژاردن
ستارمر ئێستا لەکاتی زیادکراودا یاریدەکات، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، جەنگەکە بوەتە پەناگەیەکی سیاسیی کاتیی، لەکاتێکدا هەڵبژاردنەکانی 7ی ئایار وەک (حەمامی خوێن) بۆ پارتی کرێکاران لەسکۆتلەنداو وێڵز وێنا دەکرێن، بەڵام جەنگەکە دەنگی نەیارە ناوخۆییەکانی کزکردوە، پەرلەمانتارێکی باڵای پارتەکە دەڵێت، "چۆن دەتوانیت لەکاتێکی ئاوادا سەرکردەکەت بگۆڕیت؟"، ئەم ستراتیژە هەمان ئەو چەکە بوو کە براون بەکاریهێنا کاتێک بەڕکابەرەکانی دەوت، "ئێستا کاتی کەسانی تازەکار نییە".

تەڵەی ئابوریی.. ئەو جەنگەی دەتپارێزێت، دەشتکوژێت
بەڵام ئەم وێنە گەشە بێ کێشە نییە، وەزیرێکی پێشوی سەردەمی براون هۆشداریدەدات کە تەنها گوتار بەس نییە، ستارمر بەڵێنیداوە لەڕێگەی نزیکبونەوە لەیەکێتیی ئەوروپا ئاسایشی وڵات بپارێزێت، بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن، ئەمە تەنها پڕوپاگەندەی میدیاییەو ناوەڕۆکی نییە.

مەترسییە گەورەکە لەپاییزدایە؛ کاتێک تێچوی ئابوریی جەنگەکە (هەڵاوسان، بەرزبونەوەی نرخی وزەو سوی بانک) دەگاتە ناو گیرفانی هاوڵاتیان، مێژوو دەڵێت، "براونیش سەرەڕای سەرکەوتنی لەبەڕێوەبردنی قەیرانی دارایی، دواجار هەڵبژاردنی دۆڕاند".

کات، ئەو کاڵایەی لەوێستمینستەردا نەماوە
تۆم باڵدوین نوسەری ژیاننامەی ستارمر، دۆخەکە بەجوانی کورتدەکاتەوەو ده‌ڵێت، "ستارمر هەلێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ سەلماندنی تواناکانی، بەڵام بۆ ئەمەش پێویستی بەکات‌و مەودایە، لەکاتێکدا گەروی هورمز بەڕوی کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا داخراوە، کات‌و مەوداش لەلەندەن بەهەمانشێوە بونەتە کاڵایەکی دەگمەن".

ئه‌و ده‌پرسێت، "ئایا ستارمر دەتوانێت بەسەر ئەم شەپۆلەدا سەربکەوێت، یان جەنگی ئێران تەنها ئەو هێمنییە کاتییەیە کە پێش زریانەکە دێت؟ وەڵامەکە لای دەنگدەرانی بەریتانیایە لەپاییزی داهاتودا".