شارپرێس:
تۆڵەسەندنەوەی سیاسیی گەیشتە ناو جەرگەی گەورەترین هاوپەیمانیی سەربازیی جیھان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارێکی مێژوییو جەنجاڵی دهركرد كه خۆى دهبینێتهوه لهسزادانی ئەو هاوپەیمانانەی لەجەنگی ئێراندا، پشتیان لەواشنتۆن کرد.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی تایبەتی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئیدارەی ترەمپ لیستی ئەو وڵاتانەی ئامادەکردوە کە لەکاتی هێرشەکان بۆسەر ئێران، ڕێگرییان لەفڕۆکەو هێزەکانی ئەمریکا کردوە كه لەسەروی لیستەکەدا، ئیسپانیاو ئەڵمانیا دێن.
ڕۆژنامهكه ئاماژهى بهسزا چاوەڕوانکراوەکانى ئهمریكا كردوهو نوسیویهتى سێ سزاى سهرهكین ئهوانیش:
1ـ داخستنی بنکەکان: هەڕەشەی داخستنی لانی کەم یەک بنکەی سەربازیی گەورە لەئیسپانیا یان ئەڵمانیا لەئارادایە.
2ـ کشانەوەی کتوپڕ: گواستنەوەی هەزاران سەربازی ئەمریکی لەو وڵاتانەی ناپاکییان کردوە، بەرەو وڵاتانی وەک پۆڵەنداو ڕۆمانیا کە بەتەواوی پاڵپشتی واشنتۆن بون.
3ـ گۆڕینی ستراتیژی: ترەمپ دەیەوێت پەیامێکی ڕون بدات ئهویش، "پاراستنی ئەمریکا بۆ ئێوە بێبەرامبەر نییە".
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، توڕەیی ترەمپ لەئیسپانیا گەیشتوەتە ئەوپەڕی، چونکە مەدرید ڕێگەینەداوە فڕۆکە ئەمریکییەکان ئاسمانی وڵاتەکەی بەکاربهێنن، هەروەها ئەڵمانیاش بەهۆی ڕەخنە توندەکانی لەجەنگەکە، وەک هاوپەیمانێکی ناجێگیر سەیر دەکرێت.
ئەم هەنگاوە تەنها گۆڕینی شوێنی هێزەکان نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمە ئەمنییەیە کە لەدوای جەنگی دوەمی جیهانییەوە ئەوروپای پاراستوە، ترەمپ ناتۆ ناچاردەکات لەنێوان دڵسۆزیی ڕەها بۆ ئەمریکا یان مانەوە بێ چەتری ئەتۆمی واشنتۆن، یەکێکیان هەڵبژێرن.
