شارپرێس:
وتەبێژی سوپای ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی توانیویەتی دوژمن ناچاربکات مل بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست بدات، ئەمەش تەنها بهگوێرهى ئەو مەرجانەی کە تاران لەچوارچێوەی پێشنیازێکی 10 خاڵیدا پێشکەشیکردوە.
بهبێ ناوهێنانى وتەبێژی سوپای ئێران، میدیاى ئهو وڵاته لێدوانێکی توندیان بڵاوكردوهتهوه كه وتویهتى، "ئەم ئاگربەستە بەمانای کۆتاییهاتنی ئامادەباشی نییە، ئەمریکییەکانو بەتایبەت ترەمپ، سەلەماندیان کە جێگەی متمانە نین، بۆیە هێزەکانمان دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیەو ئامادەی هەر وەڵامدانەوەیەکن ئەگەر لایەنی بەرامبەر پەیمانشکێنی بکات".
بهگوێرهى زانیارییە دزەپێکراوەکانو لێدوانی بەرپرسانی تاران، ئەو پێشنیازەی کە ئیدارەی ترەمپی ناچار بەقبوڵکردنی ئاگربەست کردوە، پێكهاتون لهلادانی تەواوی سزاکانی سەر کەرتی وزەو بانکی ئێران، دەستپێکردنی خشتەی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لەناوچەکە، ناساندنی فەرمی مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، سپاردنی تەواوی پاراستنی گەروی هورمز بەهێزە دەریاییەکانی ئێرانو وەستاندنی هەموو جۆرە هێرشێکی سەربازییو سایبەری بۆسەر ئێرانو هاوپەیمانەکانی لەناوچەکە".
ئەم لێدوانانەی تاران دوای ئەوەدێت، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، ئامادەیە بۆ ماوەی دوو هەفتە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕابگرێت بۆ ئەوەی دەرفەت بەدیپلۆماسی بدرێتو پێشنیازە 10 خاڵییەکەی ئێرانیش دەکرێت ببێتە بنەمایەکی باش بۆ گفتوگۆ، ئەمەش وەک پاشەکشەیەک لەهەڕەشە توندەکانی پێشتری لێکدرایەوە.
بڕیارە سبەینێ ههینى 10ی نیسان، وهفدى هەردوو وڵات لەئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەو 10 خاڵە، چاودێرانیش پێیانوایە، ئەمە گەورەترین سەرکەوتنی سیاسیی تارانە لەبەرامبەر ئیدارەی ترەمپ، بەڵام مەترسییەکان هێشتا ماون بەهۆی ئەو بێمتمانەییە قوڵەی لەنێوان هەردولادا هەیە.
