شارپرێس:
لە چوارچێوەی هەوڵە چڕە نێودەوڵەتییەکان بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێرانو ئەمریکا، ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان میوانداریی وەفدی هەردوو وڵات دەکات، سەرەڕای ئەوەی بڕیاربوو سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گفتوگۆکان دەستپێبکەن، بەڵام بهگوێرهى ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی، بەهۆی گۆڕانکاریی لەئەجێندای دیدارەکاندا، دانوستانەکان بۆ پاشنیوەڕۆ دواخراون.
سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، پێش دەستپێکردنی گەڕی گفتوگۆ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆکان، وەفدە باڵاکان لەگەڵ شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان کۆدەبنەوە؛ ئەمەش نیشانەی ڕۆڵی کاریگەری پاکستانە وەک نێوەندگیرێکی ستراتیژی لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا.
هاوکات، ئاژانسی ڕۆیتەرز پشتڕاستیکردەوە، فڕۆکەی هەڵگری وەفدی ئەمریکی گەیشتوەتە خاکی پاکستان، چاودێرانیش پێیانوایە، ئەم کۆبونەوانەی ئیسلام ئاباد، دەکرێت وەرچەرخانێکی گرنگ بن لەپەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆنو تاران، لەکاتێکدا ناوچەکە بەدۆخێکی هەستیارو پڕ لەههڕهشهى سیاسییو ئەمنیدا تێدەپەڕێت.