قوباد تاڵەبانی چەند بڕیارێکی دەرکردو لەسبەینێوە جێبەجێ دەکرێت

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 11745 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

قوباد تاڵەبانی هەڵمەتێکی بۆ چاککردنەوەو نۆژەنکردنەوەی خێرای رێگاوبانەکانی شاری سلێمانی راگەیاندو دەڵێت، هەر لەسبەینێوە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، هەروەها باس لەوەشدەکات، بڕیارماندا دەست بە جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی دروستکردنی شەقامی نوێ بکرێت کە پێشتر بڕیاریان لەسەر دراوە.


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەکرد،" لەماوەی وەرزی بارانبارین‌و هەروەها بەهۆکاری دیکەش، رێگاوبانەکانی ناو شارو دەرەوەی شاری سلێمانی زیانی زۆریان پێگەیشتوەو گرفت‌و ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ هاوڵاتییان دروستکردوە ".

ئەوەشیخستەڕوو،" لە کۆبونەوەم لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی و رێگاوبان‌و چاککردنەوەی رێگاوبانەکان، هەڵمەتێکی گەورەمان بۆ چاککردنەوەو نۆژەنکردنەوەی خێرای رێگاوبانەکان راگەیاندو هەر لە سبەینێوە هەڵمەتەکە لە چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکانی ناو شارەوە دەستپێدەکات، پاشان رێگاوبانەکانی دەرەوەی شار نۆژەن دەکرێنەوە ".

قوباد تاڵەبانی وتیشی،" هەروەها بڕیارماندا دەست بە جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی دروستکردنی شەقامی نوێ بکرێت کە پێشتر بڕیاریان لەسەر دراوە ".

بەپێی وتەی جێگری سەرۆک وەزیران، بۆ کارئاسانی‌و خێراترکردنی هەڵمەتەکە، شارەوانیی سلێمانی ئەپڵیکەیشنێکی ئامادە کردوە کە لەهەفتەی داهاتوەوە هاوڵاتییان دەتوانن لەڕێی ئەم ئەپڵیکەیشنەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە خراپبونی رێگاوبانەکان ئاگاداربکەنەوە، بۆ ئەوەی تیمەکانی نۆژەنکردنەوە بەزویی بگەنە شوێنەکەو دەست بە چاککردنەوەی رێگاکان بکەن.