شارپرێس:
سەرەڕای گۆڕانکارییە گەورەکان لەنەخشەی سیاسیی سوریاداو کرانەوەی دەرگاکانی جیهان بەڕوی دیمەشقدا لەڕێگەی هەڵگرتنی سزاکانەوە، بەڵام هاوڵاتیانی سوریا هێشتا لەناو بازنەیەکی داخراوی ئازارەکاندا دەژین، لەکاتێکدا دەرچە یاساییە نێودەوڵەتییەکان کراونەتەوە، دیوارەکانی ناوخۆ لەبەردەم ئازادیی ڕادەربڕین بەرزتردەبنەوەو نرخی بژێویش گەیشتوەتە ئاستێک کە توانای کڕینی تێپەڕاندوە.
بەگوێرەی بەدواداچونە مەیدانییەکان، دۆخی بژێوی هاوڵاتیان لەقۆناغی گواستنەوەدا نەک باشتر نەبوە، بەڵکو بەرەو خراپتر چوە، نرخی کارەباو سوتەمەنیو پێداویستییە سەرەکییەکان بەشێوەیەکی بهرچاو بەرزبونەتەوە.
سەرەڕای هەڵگرتنی یاسای قەیسەر لەکۆتایی 2025و کۆتاییهێنان بەگەمارۆی ئابوری ئەمریکاو ئەوروپا، بەڵام هاوڵاتییان هەست بەهیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی ناکەن، چاودێرانى سیاسیش پرسیارى جدییان ههیهو دهڵێن، ئەو ملیارەها دۆلارەی وەک هاوکاری لەلایەن وڵاتانی عەرەبیو ڕۆژئاواوە دراوە بەحکومەتهكهى شەرع، بۆچی نەبوەتە هۆی دابەزاندنی نرخەکانو بههێزبونى ژێرخانى وڵاتهكه؟
لەپاڵ قەیرانی ناندا، قەیرانی ئازادیش بەرۆکی سورییەکانی گرتوە، هەر ڕەخنەیەک لەدەسەڵات یان ئاماژەدان بەگرانییو بێکاریی، ڕاستەوخۆ بەخیانەت یان هەوڵدان بۆ ئاژاوە ناوزەد دەکرێت، چالاکوانانیش ئاماژە بەوەدەکەن، بەکارهێنانی دەستەواژەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو بوەتە چەکێک بۆ ترساندنی هەر کەسێک کە بیەوێت باسی کێشەکان بکات، هاوكات هەڕەشەی زیندانیکردنو ڕاوەدونانی یاسایی بوەتە سێبەرێکی ترسناک بەسەر ڕۆژنامەنوسانو چالاکوانانی مەدەنییەوە، ئەمەش وایکردوە ترسێکی گشتیی لەناو کۆمەڵگەدا دروستبێت.
چاودێران پێیانوایە، بەردەوامی ئەم دۆخە واتە گەمارۆدانی هاوڵاتی لەنێوان برسێتییو بێدەنگی، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی دروستدەکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەرچەندە سزاکانی هەڵگرتوە، بەڵام لەڕێگەی چاودێری هەڵبژێردراوەوە چاوی لەسەر پرسی مافەکانی مرۆڤە، بەردەوامی سەرکوتکارییەکان، ڕەنگە جارێکی دیكه سوریا بخاتەوە ناو گۆشەگیریی.
سوریا لەقۆناغێکی هەستیاردایە؛ یان دەبێت دەسەڵاتهكهى شهرع بەرەو چاکسازیی ڕاستەقینەو شەفافیەت لەبەڕێوەبردنی سەرچاوەکاندا هەنگاوبنێت، یان ئەوەتا بێدەنگکردنی خەڵک لەڕێگەی تەخوینەوە تەنها تەقینەوەیەکی دیكهى لێدەکەوێتەوە کە ئەمجارەیان برسییەکان سەرکردایەتی دەکەن.
