ترەمپ بەدوری دەزانێت ئاگربەست لەگەڵ ئێران درێژبکرێتەوە

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 185 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرەڕای ئاماژەدان بە نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی جەنگ دژی ئێران، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە بیر لە درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران ناکاتەوە.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "ئەی بی سی نیوز"  ئەمرۆ چوارشەممەدا ڕایگەیاند کە پێناچێت درێژکردنەوەی ئاگربەست پێویست بێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ئاگربەستە دوو هەفتەییەی کە چوارشەممەی ڕابردوو لەلایەن پاکستانەوە لە نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە ڕاگەیەندرا.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێستا ڕژێمی ئێران جیاوازە دوای ئەوەی ئەمریکا توندڕەوەکانی لادا، هەروەها وتی کە دوو ڕۆژی داهاتوو پڕ دەبن لە ڕووداوی گرنگ بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتە ڕوو.

 سەرۆکی ئەمریکا پێی وایە گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ ئێرانییەکان باشترە چونکە ڕێگەیان پێدەدات وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە، وتیشی ڕەنگە کۆتاییەکە بە هەر کام لە ڕێگاکان بێت بەڵام ڕێککەوتن بژاردە باشەکەیە.

هەرچەندە ترەمپ ئاماژەی بە گەڕێکی نوێی دانوستان لە دوو ڕۆژی داهاتوودا کردبوو، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی و ئێرانی دواتر ڕایانگەیاند کە هێشتا هیچ ژوانێک بۆ گەڕی دووەم دیاری نەکراوە.

 سەرچاوە ئەمریکییەکان پێشبینی دەکەن جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆک، سەرۆکایەتیی شاندەکە بکات بە بەشداریی ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر کە گەڕی یەکەمیان لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەبرد و تێیدا لەسەر پرسەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و پشتگیریکردنی بریکارەکان و بەرنامەی مووشەکی ئێران نەگەیشتنە ڕێککەوتن.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی