سوپای پاسداران خرایە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.. پەیامی بۆ ئەمریكاو ئیسرائیل هەیە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 666 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سوپای پاسدارانی ئێران ئامادەیی تەواوی هێزەکانی بۆ بەرەنگاربونەوەی هەر هێرشێکی نوێی ئەمریكاو ئیسرائیلی ڕگەیاندو جەختی کردەوە، بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی گەروی هورمز بەشێکی دانەبڕاوو ستراتیژێکی حەتمیی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەو هەموو هێزەكانیان لەئامادەباشیدان.


لەدوای كشانەوەی شاندی ئەمریكا لەلایەن ترەمپیەوە، لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا سوپای پاسداران ڕایگەیاند،"هەر دەستدرێژییەکی ئەمریکا یان ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان، بەبێ گومان وەڵامێکی توندی لێدەکەوێتەوە کە لە سەروی چاوەڕوانییەکانی ئەوان دەبێت".

هۆشداری دایە واشنتۆن و وتی،"پێویستە ئەمریکییەکان ڕاستییەکان قبوڵ بکەن و چیتر خۆیان نەکەنە داردەستی ناتانیاهۆ".

سوپای پاسداران جەختی کردەوە، لەهەموو بەرەکاندا (زەمینی، ئاسمانی و دەریایی) لە ئامادەباشی تەواودان بۆ تێکشکاندنی هەر جووڵەیەکی دوژمنکارانە.

هاوكات، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای گەڕانەوەی لەپاكستان وتی،"ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە و چاوەڕێین بزانین تا چەند لەهەوڵە دیپلۆماسییەکاندا جددین".

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕونیکردەوە، سەرکەوتنی هەر دەسپێشخەرییەک بۆ کۆتاییهێنان بەقەیرانەکان، بەندە بەبونی ئیرادەی ڕاستەقینە لای لایەنی ئەمریکی، ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا ڕون نییە واشنتۆن تا چەند ئامادەیە بۆ گفتگۆی جددی بۆ ڕاگرتنی جەنگ.