شارپرێس
کەناڵی "ئێن بی سی" ئاشکرای کردووە، قەبارەی ئەو وێرانکارییەی بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو کەوتووە، زۆر لەوە زیاترە کە بۆ ڕای گشتیی ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کەلوپەل و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە تووشی زیانی فراوان بوون و پێشبینی دەکرێت تێچووی نۆژەنکردنەوەیان بگاتە ملیاران دۆلار، بەشێوەیەک ڕاپۆرتەکان نیشانیان داوە کە تەنها لە دوو هەفتەی یەکەمی جەنگدا، هێرشەکان زیانی 800 ملیۆن دۆلاریان لێکەوتۆتەوە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ناوەندی ستراتیژیی و نێودەوڵەتیی (CSIS) و شیکارێکی "بی بی سی"، بەشێکی زۆری ئەم زیانانە بەهۆی هێرشەکانی تۆڵەکردنەوەی ئێرانەوە بووە لە هەفتەی یەکەمی جەنگدا.
مارک کانسیان، ڕاوێژکاری باڵای (CSIS) کە بەشدار بووە لە ئامادەکردنی توێژینەوەکەدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە بە تەواوی ڕاپۆرت لەسەر قەبارەی زیانەکان نەدراوە سەرەڕای ئەوەی دەرکەوتووە قەبارەی زیانەکان گەورەیە، بەڵام بڕی تەواوەتیی و کۆتایی زیانەکان تەنیا دوای دەرکەوتنی زانیاری زیاتر ڕوون دەبێتەوە.
بەمجۆرە ئەم هێرشانە کاریگەرییەکی قوڵیان لەسەر توانای سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە دروست کردووە کە هێشتا بەتەواوی ئاشکرا نەکراوە.