شارپرێس:
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ئاشكراكرد، بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانی واشنتۆن لەدەریای عومان، ئێران لەوەرگرتنی نزیکەی 5 ملیار دۆلار داهاتی نەوت بێبەش بوە.
ئاژانسی ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی پێنتاگۆن، لەو کاتەوەی گەمارۆ دەریاییەکە لە 13ی نیسان دەستیپێکردوە، سوپای ئەمریکا رێڕەوی زیاتر لە 40 کەشتی گۆڕیوە کە هەوڵیانداوە نەوت و کاڵای قاچاخ بگوازنەوە. ئێستا 31 کەشتیی نەوتهەڵگری ئێران کە 53 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بارکردوە، لەناوچەی کەنداو گیریان خواردوەو بەهاکەیان بەلانی کەم بە 4.8 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، هەروەها دوو کەشتیش لەلایەن ئەمریکاوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەهۆی ئەوەی کۆگاکانی نەوت لەوشکانی پڕبوونەتەوە و ئێران ناتوانێت نەوت بار بکات، بار هەڵگرە کۆنەکان وەک کۆگای سەر ئاو بەکار دەهێنێت.
هەروەها هەندێک لە کەشتییەکان رێگەی دوورتر و پڕ تێچووتر بەکەناراوەکانی پاکستان و هیندستاندا دەگرنەبەر بۆ گەیاندنی نەوت، تاوەکو لەچاودێرییە دەریاییەکانی ئەمریکا دەربازیان بێت.
لەلایەکی دیکەوە، جۆێل ڤاڵدێز، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت ڕایگەیاند، گەمارۆکە بەهێزێکی تەواوەوە کار دەکات و ئەو ئەنجامە کوشندەیەی هەیبووە کە واشنتن مەبەستی بوەو وتیشی،"ئێمە گورزێکی کوشندە لەتوانای ڕژێمی ئێران دەوەشێنین بۆ دابینکردنی دارایی تیرۆر و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و هێزە چەکدارەکانمان لەسەر ئەم گوشارانە بەردەوام دەبن".
