وادەی دەستپێکردنه‌وه‌ى هێرش بۆسەر ئێران ئاشکرادەکرێت

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2786 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زه‌نگى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى شەڕ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێدەدرێت‌و وادەی دەستپێکردنی هێرشی هاوبەشی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر ئێران ئاشکرادەکرێت، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان هۆشداریی توند دەدەن کە هەفتەی داهاتوو بانکی ئامانجەکان دەپێکرێن‌و ناوچەکە دەچێتە قۆناغی پێکدادانی ڕاستەوخۆوە، میدیاى ئیسرائیلى ده‌ڵێت، "ئاماده‌كاریى كراوه‌ بۆ چونه‌ ناوه‌وه‌ى هێز بۆ ناو خاكى ئێران".


کەناڵی 13ی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، ئیسرائیل لەدۆخی ئامادەباشی باڵادایە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان دژی ئێران، بەمەبەستی ناچارکردنی تاران بۆ گەڕانەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەپێگەیەکی لاوازەوە.

کەناڵەکە ڕونیکردوه‌ته‌وه‌، لەئەگەری دەستپێکردنەوەی جه‌نگى ئەمریکاو ئیسرائیل دژی ئێران، بانکی ئامانجەکان ژێرخان‌و ئامانجە پەیوەندیدارەکان بەوزە دەگرێتەوە.

ئەوەشیخستوه‌تەڕوو، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لەئامادەکارییەکانی بۆ ئەو هەنگاوە، ئەگەر هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکی-ئیسرائیلی ئەنجامبدرێت، ڕەنگە ئێرانییەکان هەوڵبدەن لەڕێگەی هەڵدانی دەیان موشەکەوە بەشێوەی ڕۆژانە بۆسەر خاکی ئیسرائیل لەیەکەم ڕۆژەکانی شەڕەکەدا وەڵامبدەنەوە.

کەناڵەکە لەزاری ئەفسەرێکی باڵاى سوپاى ئیسرائیله‌وه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، سوپا پێیوایە ڕێژەی موشەکبارانەکە بەرە بەرە کەمدەکات، هاوشێوەی ئەو نەزمەی لەئۆپەراسیۆنی پێشوی "نەڕەی شێر" دژی ئێران بینراو هاوشێوەی هەڵدانی موشەکەکان لەخولی پێشودا.

به‌گوێره‌ى خەمڵاندنەکان، ئامانج لەدەستپێکردنەوەی شەڕ، گەیاندنی زیانە بەئێرانییەکان‌و گەڕاندنەوەیانە بۆسەر مێزی گفتوگۆ بەلاوازیی، پێشبینیشدەکرێت، هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکە بەئامانجگرتنی ژێرخانی نیشتمانی، ئامانجەکانی وزەو وێستگەکانی کارەبا بگرێتەوە.

هەروەها باس لەوەشدەکرێت، لەهێرشە هاوبەشەکەدا، هێزی ئاسمانی هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسانی باڵای ئێران بدات، سوپای ئیسرائیلیش هیوادارە شەڕەکە تەنها چەند ڕۆژێک بخایەنێت.

ئەم ئامادەکارییانەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردوه‌ته‌وە، بەرپرسانی باڵا لەئیدارەی ئەمریکا ڕایانگەیاندوە، ویلایەتەیەکگرتوەکان‌و ئیسرائیل، ئامادەکاریی چڕوپڕیان بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ لەهەفتەی داهاتودا دەستپێکردوە.

سەرچاوەکان باسیان له‌وه‌كردوه‌، ڕاوێژکارانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، پلانی هێرشی بەرفراوانیان داڕشتوە، بەڵام هێشتا ترەمپ بڕیاری کۆتایی نەداوە.

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، بانکی ئامانجەکان ژێرخانی سەربازیی‌و حکومی دەگرێتەوە، ئەگەری چونە ناوەوەی هێزی تایبەتیش بۆ ناو خاکی ئێران بەمەبەستی دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بەدور نازانرێت.

هەروەها لەناو سوپای ئیسرائیلدا ئەو پێشبینییە زیاد دەکات کە ترەمپ دوای کۆبونەوەی لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین، فەرمانی جێبەجێکردنی هەنگاوەکە بدات، بەمەبەستی سوپرایز بۆ ڕژێمی ئێران بۆ سێیەمجار لەماوەی کەمتر لەساڵێکدا.