شارپرێس:
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە گروپە تیرۆریستییە بیانییەکان لەرێگەی کارە ساختەکارییەکانەوە پارەیان لەبودجەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەستکەوتبێت.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، سەبارەت بەحاڵەتەکانی خراپ بەکارهێنانی ئەو پارانەی بۆ بەرنامە فیدراڵییەکان تەرخانکراون، وتی،"بەدڵنیاییەوە تۆمارمان کردوە، دەسەڵاتدارانی چەند وڵاتێکی دیکەو رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان لەرێگەی ئەم سەرچاوانەوە خۆیان دەوڵەمەند کردوە".
دی ڤانس، ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لەکۆچبەرانی نایاسایی لەئەمریکا بەرێگەی ساختەکاری هاوکاری داراییان لەحکومەت وەرگرتوەو ئەو پارانەیان بۆ باندەکانی ماددەی هۆشبەر لەوڵاتانی ئەمریکای لاتین ناردوە، کە ئیدارەی ئەمریکا زۆربەی ئەو باندانە وەک گروپی تیرۆریستی دەناسێنێت.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا وتیشی،"ئەمە کارێکی باوەڕپێنەکراوە؛ تۆ باج دەدەیت و ئەو پارانە دەچن بۆ تیرۆریستان، لەکاتێکدا دەوڵەتەکەت هەوڵ دەدات رێگری لەو تیرۆریستانە بکات ئەمریکییەکان دەکوژن. ئەمە شۆککەرە، بەڵام کاتێک حکومەتی فیدراڵی چاوپۆشییان لێ دەکات، ئەمە ڕودەدات".
ئەمە لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڤانس بەرپرسیار دەبێت لەدۆسیەی بەرەنگاربونەوەی کارە ساختەکارییەکان لەویلایەتە یەکگرتوەکان.
