ئێران مەرجەكانی بەهێڵی سور ناودەبات و پێشنیارەكانی ئەمریكا ڕەتدەكاتەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 172 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی كۆمسیۆنی كاروباری ناوخۆ لەپەرلەمانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئەو 10 مەرجەی لەلایەن ڕێبەری وڵاتەکەیەوە دیاریکراون، هێڵی سوری هەر دانوستانێکن و تاران بەهیچ شێوەیەک پاشەکشەیان لێ ناکات.


محەممەد ساڵح جۆکار، سەرۆکی کۆمسیۆنی کاروباری ناوخۆ لەپەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، لەم ماوەیەدا پێشنیازی زۆر لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتەڕوو، بەڵام تاران لەوەڵامدا جەختی لەمەرجەکانی پێشوی خۆی کردوەتەوە. 

جۆکار ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەو 10 مەرجەی لەلایەن ڕێبەری وڵاتەکەیەوە دیاریکراون، هێڵی سوری هەر دانوستانێکن و تاران بەهیچ شێوەیەک پاشەکشەیان لێ ناکات.

بەوتەی سەرۆکی کۆمسیۆنی کاروباری ناوخۆ، مەرجەکانی موجتەبا خامنەیی بریتین لە: کۆنترۆڵکردن و ئیدارەدانی گەروی هوورمز بەهەماهەنگی هێزە چەکدارەکانی ئێران، کۆتاییهاتنی جەنگ لەهەموو بەرەکان، دەرچونی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە، وەرگرتنی قەرەبوی هەموو زیانەکانی جەنگ، هەڵگرتنی تەواوی سزاکانی سەر تاران، پێدانی مافی پیتاندنی یۆرانیۆم و ئازادکردنی تەواوی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لەوڵاتانی دەرەوە، پاراستنی بەرنامەی موشەکی و گەرەنتییەکان، گرەنتی دوبارەنەبونەوەی جەنگ، وەرگرتنی ڕسومات لەو کەشتییانەی بەگەروی هورمزدا تێدەپەڕن. 

جۆکار دوپاتیکردەوە کە هیچ متمانەیەکیشیان بەئەمریکا نییە، بۆیە لەداواکارییەکانیان پاشەکشە ناکەن.

هواكات، لەگەڵ ئەوەی هیچ پێشنیارێكی ئەمریكای ئاشكرا نەكردوە، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، كە پێشنیارەكانی ئەمریكایان بەتەواوی ڕەتكردۆتەوە.