شارپرێس:
میدیاییەكی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، سەرۆكی ئەمریكا بژاردەی سەربازی خستووەتە سەر مێزی گفتوگۆ و دەشڵێت، چاوەڕێدەكرێت لەدوو ڕۆژی داهاتودا كۆبونەوەی یەكلاكەرەوە ئەنجامبدرێت.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، بژاردەی سەربازی دژی ئێران خستوەتە سەر مێزی گفتوگۆ، لەکاتێکدا تاران خۆی لەسازش لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی دور دەخاتەوە.
کاربەدەستانی ئەمریکا ڕونیانکردەوە کە ترەمپ دەیەوێت ڕێکەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕ ئەنجام بدات، بەڵام ڕەتکردنەوەی زۆرێک لەداواکارییەکانی لەلایەن ئێرانەوە و ڕەتکردنەوەی سازشێکی گرنگ سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەکەی بژاردەی سەربازی گەڕاندەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
دوو بەرپرسی ئەمریکی بەپێگەكەیان ڕاگەیاندوە، چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ ڕۆژی سێشەممە لەژوری ئۆپەراسیۆنەکان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی کرداری سەربازی و كۆبونەوەی یەكلاكەرەوە.
هاوكات، لیندسی گراهام ، سیناتۆری دیاری ئەمریكی داوای لەترەمپ کرد وە هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بارودۆخی ئێستای گەروی هورمز زیان بەهەموان دەگەیەنێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ سەرۆكی ئەمریكا لەهۆشدارییەكی توندا بۆ ئێران ڕایگەیاند، کات بۆ ئێران خەریکە تەواو دەبێت و پێویستە زۆر بەخێرایی بجوڵێن، ئەگەر نا هیچیان لێ نامێنێتەوە.