88 شه‌ڕڤانى هه‌سه‌ده‌ ئازاد ده‌كرێن

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 135 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی کەم وێنەدا، حکومەتی دیمەشق بڕیاری ئازادکردنی ٨٨ شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی دا، کە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لەژێر ڕێوشوێنێکی ئەمنیی توندوتۆڵدا بگەنەوە پارێزگای حەسەکە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری شارپرێس لەڕۆژئاوای کوردستان، ئەم ٨٨ شەڕڤانە کە پێشتر لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا لە لایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە بەدیلگیرابوون، ئێستاش لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی دیمەشقەوە بەرەو ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر بەڕێکراون‌و ئێوارەی ئەمڕۆ ده‌گه‌نه‌وه‌ ڕۆژئاوا.

بڕیارە لەحەسەکە ڕێوڕەسمێکی جەماوەریی شایستە بۆ پێشوازیکردن لەم شەڕڤانانە سازبکرێت، کە تێیدا فەرماندە باڵاکانی هەسەدە و جەماوەرێکی بەرچاو ئامادە دەبن. به‌گوێره‌ى خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، بەم ٨٨ شەڕڤانەی ئەمڕۆوە، ژمارەی ئەو شەڕڤان و کارمەندانەی بەڕێوەبەریی خۆسەر کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ئازادکراون، نزیکەی 550 بۆ 600 کەس دەبن.

ئەم ئازادکردنانە زۆربەی جار وەک پاداشتێک بۆ "هاوکاریی ئەمنیی هاوبەش" یان وەک بەشێک لە"لێبوردنی گشتیی" حکومەتی سووریا ئەنجام دەدرێن. ئەم هەنگاوە ئازادکردنی ئەم ژمارە زۆرەی شەڕڤانان لەیەککاتدا، ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ هەبوونی تێگەیشتن و ڕێککەوتنی نافەرمی لەنێوان هەسەدەو دیمەشق.

چاودێران پێیانوایە، ئەمە هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان‌و ڕەنگە سەرەتایەک بێت بۆ گفتوگۆی جدی لەسەر داهاتووی ناوچە سنوورییەکان‌و یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر بە هەڕەشە دەرەکییەکان.