بەختیار ئەحمەد ساڵح
پرسیارێک هەیە کە لە ساتەکانی بێدەنگی قووڵدا سەرهەڵدەدات، بۆچی ژیانی من بەهەمان
شێوەى خۆی دووبارە دەبێتەوە؟ سەرەڕای گۆڕانی هەلومەرجەکان، گۆڕانی ڕووخسارەکان، گۆڕانی
پەیوەندییەکان، گۆڕانی شوێنی کار و تەنانەت گۆڕانی ئەو بەڵێنانەی
کە بە خۆمانى دەدەین.
پەیوەندییەک کۆتایی پێدەهێنیت چونکە پێتوایە کێشەکە لەگەڵ کەسی بەرامبەردا
بووە، بەڵام دواى چەند ساڵێک دواتر خۆت دەبینیتەوە لە پەیوەندییەکى هاوشێوەدایت، بەڵام
ڕووخسارەکە جیاوازە. وازت لە کارێک
هێناوە چونکە پێت وابووە سەرچاوەی ناخۆشییەکەتە، دواتر بۆت دەرکەوت کە هەمان هەست
لە کارێکی نوێدا ئەزموون دەکەیتەوە. بڕیارێک دەدەیت
سەرلەنوێ دەستپێبکەیتەوە، بۆ ئەوەی بەهێزتر و هۆشیارتر بیت، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان
بۆ هەمان خاڵدا دەگەڕێیتەوە.
لێرەدا پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە: ئایا ئەمانە تەنها ڕێکەوتن؟ یان شتێک هەیە
قووڵتر لە پشت پەردەوە کە کۆنتڕۆڵی ڕەوتی ژیانت دەکات؟
میکانیزمی شاراوەی پشت دووبارەبوونەوە
دووبارە بوونەوەى ڕۆڵەکان بەهۆى بوونى کەموکوڕی لە کەسەکەدا نیین، هەروەها
نیشانەی لاوازیش نین. لە بنەڕەتدا
ستراتیژی مانەوەن. لە سەرەتای ژیانتدا-
زۆرجار لە منداڵیدا، و زۆرجاریش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە ئەزموونێکی زەبربەخش-
دەروونت بڕیارێکی نائاگایانە دەدا. ڕێگەیەک دەدۆزێتەوە
بۆ ئەوەی بتپارێزێت لە شتێک کە ئەو کاتە نەتدەتوانى بەرگەی بگریت: ترس، ڕەتکردنەوە،
پشتگوێخستن، وازهێنان، یان هەستکردن بە بێ بەهایی، وە ئەو ڕێگایە ئەو
کاتە کاریگەری هەبوو و تۆی دەپاراست. بەڵام کێشەکە
ئەوەیە کە ئەم ستراتیژە لەگەڵ تۆدا پەرە دەستێنێت. ئەوەی لە تەمەنی
حەوت ساڵیدا تۆى پاراست، هێشتا لە تەمەنی سی و پێنج ساڵیدا پەیوەندییەکانتان بەڕێوەدەبات. ئەو حاڵەتە
کە هاوشێوەى نەخشێکە دوژمنی تۆ نییە، سەردەمانێک چارەسەر
بووە و ڕزگارتى کردووە، بەڵام نوێ نەکراوەتەوە هەر بۆیە نائاگایانە
هەمان نەخش دووبارە دەکەیتەوە و بەکاریدەهێنیتەوە.
فرۆید و یۆنگ: بۆچی نائاگایی هەمان ئەزموون دووبارە دەکاتەوە؟
کارل گۆستاڤ یۆنگ و سیگمۆند فرۆید دەڵێن نائاگایی ئەزموونەکان دووبارە
ناکاتەوە، لەبەر ئەوەى گرفتێکت هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەوڵی تەواوکردنی شتێکی
تەواونەکراو دەدات. هەر برینێکی ساڕێژنەکراو،
وزەیەک لەناو خۆیدا هەڵدەگرێت کە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت و تا چارەسەر نەکرێت،
لە شکڵ و شێوەى نوێدا دێتەوە بەردەمت، هەر لەبەر ئەمەشە کە نائاگایی هەمان نەخش و
حاڵەت دووبارە و سێبارە دەکاتەوە، نەک لە بەر ئارەزووی ئازاردانت، بەڵکو لەبەر ئەوەی
پێی وایە ڕەنگە ئەمجارە بتوانیت بە کۆتاییەکى جیاواز دۆسێکەى داخەیت تا دووبارە
نەبێتەوە. دووبارەبوونەوەی نەخش و حاڵەتەکان، هەوڵی نائاگاییە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک
کە پێشتر نەتدۆزیبێتەوە.
سێبەر، ئەو لایەنەی کە بە شێوەیەکی نەبینراو ژیانت بەڕێوەدەبات
یۆنگ ئەم حاڵەتەى بە سێبەر ناوبردووە، ئەو دەڵێت هەموو شتێکە کە
ئێمە لە بوونماندا ڕەتى دەکەینەوە، ئینکاری لە بوونى دەکەیت، قووڵایی بوونماندا
دەمێنێتەوە بەڵام لە ناو ناچێت. سێبەر بە پشتگوێخستنی وننابێت، بەڵکو بەرەو قووڵایی
زیاتر دەچێت و لەوێشەوە، بە بێدەنگی دەست دەکات بە ڕێنماییکردنی ژیانمان و کۆنتڕۆڵى هەڵبژاردنە سۆزدارییەکانمان،
کاردانەوەکانمان و ترسەکانمان دەکات، وە تەنانەت بڕیارە چارەنوسسازەکانیشمان. تێگەیشتن
لە نەخشەکە هەمیشە بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی، لەبەرئەوەى دەتوانیت بە تەواوی
ئاگاداری ئەوە بیت کە بۆچی نەخشێکی دیاریکراو دووبارە دەکەیتەوە... بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا
بەردەوام بیت لەسەر دووبارەکردنەوەی.
بۆچی تێگەیشتن بە تەنیا بەس نییە؟
ئەمە یەکێکە لە ناخۆشترین ڕاستییەکان لە سەفەری هۆشیاری ناوەوەى مرۆڤدا. ڕەنگە مرۆڤ بە
تەواوی لە ڕەگی کێشەکەی تێبگات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆی ببینێتەوە کە دووبارە و سێبارە
دەگەڕێتەوە بۆ هەمان کێشە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە
کە حاڵەتەکان تەنها لە بیرکردنەوەدا هەڵناگیرێن، بەڵکو لە جەستە و سیستمی دەمار و یادەوەری
سۆزداریشدا هەڵدەگیرێن. هەندێک جار جەستە
کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بە ترس، وازهێنان، یان ڕەتکردنەوە پێش ئەوەی ئاگایی
ئاگاداری ئەوە بێت کە چی ڕوودەدات. بۆیە گۆڕانی ڕاستەقینە
تەنها پرۆسەیەکی دەروونی نییە، بەڵکو پراکتیزەیەکی بەردەوامە بۆ ڕاهێنانی هەردوو دەروون
و جەستە.
هۆشیاری پێویستە... بەڵام بە تەنیا بەس نییە
ئەو ڕاستییەی زۆربەی خەڵک خۆیان لێ بەدوور دەگرن: شکاندنی هەر نەخشێک
پێویستی بە شتێکی ناباوەڕانە قورس هەیە ئەویش ڕاستگۆیی تەواو لەگەڵ خۆت. چونکە نەخشە زیانبەخشەکان
تەنها ئازار دروست ناکەن؛ بەڵکو جۆرێک لە سوود و دەستکەوتى شاراوەشی هەیە. بۆ نمونە ئەو کەسەی کە
بەردەوام بەدواى هاوبەشێکی سۆزداری گونجاودا دەگرێت کە بە پێی پێوەرەکانى ئەو بێت،
لە ڕاستیدا لەوانەیە لە پەیوەندى ڕاستگۆیانە و ڕاستەقینە ڕابکات. ئەو کەسەش کە سەرکەوتنی
خۆی تێکدەدات، ڕەنگە لەو بەرپرسیارێتییە یان ئاشکرابوونە بترسێت کە لەگەڵ سەرکەوتندا
دێت. هەموو نەخشێک
لە شتێک دەتپارێزێت، وە تا ڕاستگۆ نەبیت لەوەی ئەو نەخشە لە چی دەتپارێزێت، عەقڵ هەزار
پاساو دەدۆزێتەوە بۆ بەردەوامکردنی.
ڕزگاری چۆن دەست پێدەکات؟
ڕزگاری بە شەڕکردن لەگەڵ خۆت یان ڕق لێبوونەوە لە ڕابردوو دەست پێناکات، سەرەتا بە تێبینیکردنی
نەخشەکە بەبێ ئینکاری دەست پێدەکات. بینینی دووبارەکردنەوەکە
بە ڕوونی، تێگەیشتن لەوەى کەی دەستی پێکردووە وە بۆچی لە ڕۆژانێکدا
پێویست بووە، پاشان تێگەیشتن لەوەی کە ئەوەی لە ڕابردوودا ڕزگاری کردوویت،
لە ئێستادا. بووەتە لەمپەر
لەبەرامبەر گەشەکردنت. چاکبوونەوەی ڕاستەقینە سڕینەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو وازهێنانە
لە دووبارە نمایشکردنی. ئەو ساتەی مرۆڤ
ئاگاداری نەخشەکە دەبێت لەکاتی پەرەسەندنیدا، یەکەم درزی بچووک لە خولی دووبارەبوونەوەدا
دەردەکەوێت و لەو درزەوە گۆڕانکاری ڕاستەقینە دەست پێدەکات.
