شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشبینییەکانی بۆ گەیشتنی خێرا بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوور زانیوە و جەختی لەوە کردۆتەوە کە پەلەی نییە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەدا.
تۆڕی فۆکس نیوز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە بڵاوی کردۆتەوە کە ڕێککەوتنەکە ئەمرۆ دووشەممە واژۆ ناکرێت و ترەمپ 5 یان 6 یان 7 ڕۆژ مۆڵەت دەداتە ئێران بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنێکی پەسەندکراو لەژێر دروشمی "نە کۆگای ئەتۆمی و نە دۆلاری بلۆککراو".
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران لە بنەڕەتدا لەسەر چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکە ڕازی بووە و 95%ی کارەکانی تەواو بووە، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر کۆگای ئەتۆمی و گەرووی هورمز هەیە و تەنها "داڕشتنی دەقەکە" ماوە.
پێشتریش ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیبووی کە دانوستانەکان بە شێوازێکی ڕێکخراو و بنیاتنەرانە بەڕێوە دەچن و بە شاندی دانوستانکاری ڕاگەیاندووە پەلە نەکەن، چونکە کات لە بەرژەوەندیی ئەواندایە.
لە لایەکی ترەوە، ترەمپ هێرشی کردە سەر ڕەخنەگرانی ئەم ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە و دووپاتی کردەوە کە هیچ ڕێککەوتنێکی گریمانکراو وەک ڕێککەوتنەکەی باراک ئۆباما نابێت، کە بە گوتەی ئەو پارەیەکی زەبەلاحی بەخشییە تاران و ڕێگەی بۆ خۆش کرد بەرەو چەکی ئەتۆمی.