براکوژیی دوێنێ‌و پەندی ئەمڕۆ!

قەڵەمی ڕۆژ

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 174 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دەگێڕنەوە دوای ڕووخانی میرنشینی بابان لە ساڵی 1851، میرەکانی بابان نەفی دەکرێن بۆ ئەستەمبوڵ. لە میواندارییەکی گەورەی سەرای عوسمانیدا،  بۆ ئەحمەد پاشا دوایین میریی بابانییەکان، عەبدوڵا پاشای بابان (برا بچووک) لە خوارەوەی مەجلیسەکە و لای دەرگاوە دادەنیشێت.

کاتێک بەرپرسێکی عوسمانی بە تانەوە لێی دەپرسێت: "بۆچی لەو خوارەوە دانیشتووی؟"

عەبدوڵا پاشا بە شانازییەوە دەڵێت: "بۆ ڕێزی برا گەورەکەم (ئەحمەد پاشا)؛ چونکە لای ئێمەی کورد ئەگەر برا گەورە لە مەجلیس بێت، برا بچووک ناچێتە پێشەوە."

لێرەدا ئەحمەد پاشا (برا گەورە) ڕوو دەکاتە عەبدواڵڵا پاشا و بە کوردی و بە حەسرەت و عیتابێکی مێژووییەوە دەڵێت:"ئای برا گیان، ئێستا لەم غوربەتەدا و لەبەردەم خەڵکی تردا ڕێزم لێ دەگریت و لە خوارەوە دادەنیشیت، ئەی کاتی خۆی لە نیشتمان بۆچی سوپای بێگانەت دەهێنایە سەرم و لەسەر کورسیی دەسەڵات لەگەڵم بەشەڕ دەهاتی؟ کە دواجار هەردووکمانمان گەیاندە ئەم ڕۆژە!"

مێژوو خۆی دوبارە دەکاتەوە!
ئەم چیرۆکە مێژووییە نازانم چەند راستە، بەڵام واقعی رابردو و ئێستای میللەتەکەمانە. دوێنێ میرەکانی بابان لەسەر کورسیی دەسەڵات، پشتیان بە بێگانە دەبەست بۆ لێدانی یەکتر و کاتێکیش هەموو شتێکیان دۆڕاند، لە غەریبی کڕنۆشیان بۆ یەکتر دەبرد!

ئەمڕۆش دوای زیاتر لە 170 ساڵ، بەداخەوە هێشتا ململانێی سیاسیی ناوخۆی  یەکێتی و پارتی هەمان سیناریۆ دووبارە دەکاتەوە؛ ئەمانە لە ناوخۆدا سازش بۆ یەکتر ناکەن، بەڵام لە بەغدا و پایتەختی وڵاتانی دراوسێ، خەریکی تەسلیمکردنی رەنجی سەدان ساڵەی ئەم گەلەن و هەر خەریکی یەکترشکاندنن.

کاتێک لە ناوخۆدا برا ڕێزی برا نەگرێت و پشتی پێ نەبەستێت، لای بێگانە هەردوکیان بە چاوی نزمەوە سەیر دەکرێن و دەسەڵاتی هەردوولا نامێنێت و لە کۆتاییدا تەنها حەسرەت و پەشیمانیان دەمێنێتەوە. تکایە لە جیاتی یەکتر شکاندن گوێ لە سەلاحەدین بەهادین بگرن، بۆ ئەوەی وەک ئەحمەد و عەبدوڵڵاتان لێ نەیەت…