شارپرێس:
دانی دانون، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان
ڕایگەیاند کە ڕێکخراوەکە وڵاتەکەی خستۆتە نێو "لیستی ڕەش"ی تایبەت بە
توندوتیژی سێکسی لە ناوچەکانی ململانێدا، کە بە وتەی ئەو ڕێکخراوی وەک حەماس و
داعشی تێدایە.
دانون ئەم بڕیارەی بە سیاسی و دابڕاو لە واقیع وەسف کرد
و جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل بەڵگەنامە و وەڵامی تێر و تەسەلی پێشکەش بە
نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بەڵام ڕێکخراوەکە گێڕانەوەی ئیسرائیلی پشتگوێ خستووە.
لە پۆستێکدا لە
پلاتفۆرمی ئێکس، ئاماژەی بەوە کرد کە داوایان لە نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان
کردووە سەردانی مەیدانی بکەن بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، بەڵام ئەوان
نەیانکردووە.
لە ئەنجامدا،
باڵیۆزی ئیسرائیل سڕکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نووسینگەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس،
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند، ئەمەش نیشانەی توندبوونی گرژییەکانی
نێوانیانە بەهۆی شەڕی غەززەوە.
پێشتریش ڕاپۆرتە
نێودەوڵەتییەکان ئیسرائیلیان بە پێشێلکاری سێکسی و بەئامانجگرتنی دامەزراوە
مەدەنییەکان تۆمەتبار کردبوو، بەڵام ئیسرائیل بە توندی ڕەتی کردبوونەوە و بە
لایەنگر ناوزەندی کردبوون.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی