کۆبونەوە گرنگه‌كه‌ى ئه‌مریكا كۆتاییهات‌و ترەمپ هیچ بڕیارێكى نه‌دا

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1347 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای کۆبونەوەیەکی توندی دوو کاتژمێری لەژوری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نەگەیشتە بڕیاری کۆتایی سەبارەت بەپەسەندکردنی ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ئێران.


ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، هۆکاری یەکلانەکردنەوەی بڕیارەکە بونی چەندین پرسی هەڵپەسێردراوە کە دیارترینیان دۆسیەی پارە بلۆککراوەکانی ئێرانە.

سەرەڕای ئەوەی پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو، خۆی بۆ بڕیارێکی کۆتایی ئامادە دەکات، تاران ڕاستەوخۆ وەڵامیدایەوەو پێداگریی لەسەر ئەوەکرد، هێشتا هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ دیاریکردنی چوارچێوەی گفتوگۆکان نەهاتوەتە ئاراوە.

ئەم ئاڵۆزییە لەکاتێکدادێت، میدیاکانی هەردوو وڵات زانیاری دژبەیەک لەسەر ئەم دانوستانە نهێنییانە بڵاودەکەنەوە کە بۆ ماوەی سێ مانگ‌و بەنێوەندگیری پاکستان بەڕێوەدەچن، ململانێیەک کە پێشتر بازاڕو ئابوری جیهانی هەژاندبوو.

ترەمپ لەڕێگەی پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵەوە، هێڵە سورەکانی واشنتۆنی بۆ تاران ئاشکراکردو ڕایگەیاند، "دەبێت ئێران بەتەواوی دەستبەرداری چەکی ئەتۆمیی بێت، گەروی هورمز بەبێ هیچ ڕسومات‌و کۆتوبەندێک بەڕوی هاتوچۆی دەریاییدا بکاتەوەو سەرجەم مینە دەریاییەکانیش لەناوببات".

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، لەحاڵەتی ڕێککەوتندا، گەمارۆکانی سەر گەروی هورمز هەڵدەگیرێن‌و کەشتییە گیریخواردوەکان دەست بەجوڵە دەکەنەوە، پرۆسەی دەرهێنان‌و لەناوبردنی مادە پیتێنراوەکانیش بەهەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەڕێوەدەچێت، بەڵام جەختی لەوەشکردەوە، تا کاتێکی نادیار هیچ بڕە پارەیەک بۆ ئێران ئازاد ناکرێت.

چه‌ند ورده‌كاریه‌كى گرنگ له‌باره‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌:
- کۆبوونەوەکەی ترەمپ لەژوری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندوه‌.

- ترەمپ لەو کۆبونەوەیە نەگەیشتە هیچ بڕیارێکی کۆتایی سەبارەت بەهەر جۆرە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران.

- بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەم زانیارییانە لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە گوازراونەتەوە کە بەهۆی هەستیاریی گفتوگۆ ناوخۆییەکانەوە، نەیویستوە ناوی ئاشکرابکرێت.

- ئیدارەی ئەمریکا وا دەبینێت کە لەگەیشتن بەڕێککەوتن لەگەڵ ئێران نزیکبوەتەوە.

- لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا هەندێک دۆسیەی هەڵپەسێردراو ماونەتەوە کە لەنێوان هەردولادا گفتوگۆیان لەسەردەکرێت.

- به‌گوێره‌ى وتەی ئەو بەرپرسە، یەکێک لەو بابەتانەی کە مشتومڕی لەسەرە، پرسی ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی ئێرانە.