شارپرێس:
دەستەی فڕۆکەخانەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بن گۆریۆن بەرەی سەرەکیی گەشتە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، لەئێستادا بەهۆی جێگیربونی فڕۆکە جەنگیو تانکەرە سوتەمەنییەکانی سوپای ئەمریکاوە، تەنها بەیەک لەسەر سێی توانای ڕاستەوخۆی خۆی کاردەکات، بەرپرسانیش هۆشداریدەدەن لەوەی ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بەکۆمەڵی گەشتە مەدەنییەکان لەوەرزی هاویندا.
شارۆن کیدمی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی فڕۆکەخانەکانی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، نزیکەی 70٪ی چالاکییە مەدەنییەکانی فڕۆکەخانەکە بەتەواوی کەمبوەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو ڕوبەرە فراوانەو ئەو سەرچاوە زۆرانەی کە چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناو فڕۆکەخانەکەدا دایانگرتوە.
کیدمی وتویهتى، "فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن گەیشتوەتە ئەوپەڕی توانای خۆییو چیتر ناتوانێت گەشتی کۆمپانیا بیانییەکان لەخۆ بگرێت کە چاوەڕواندەکرێت بەهۆی ئەم دۆخەوە گەشتی زیاتر لەسێ ملیۆن سەرنشین بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە".
لەڕووی داراییەوە، تەنها لەماوەی دوو مانگی ڕابردودا دەستەی فڕۆکەخانەکان بڕی 700 ملیۆن شیکڵ (248ملیۆن دۆلار) زیانی بەرکەوتوە، بەرپرسانى ئیسرائیل هۆشداریدەدەن کە بەردەوامیی شەڕ لەگەڵ ئێرانو مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، قەبارەی زیانەکان دەگەیەنێتە چەندین ملیار دۆلارو پێشبینییەکانیش بۆ ژمارەی گەشتیارانی ئەمساڵ لە18 ملیۆنەوە بۆ 15 ملیۆن کەس دابەزیون.
هاوکات شموئیل زەکای سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئیسرائیل ئاماژهى بهوهداوه، بن گۆریۆن لەفڕۆکەخانەیەکی مەدەنییەوە بەتەواوی گۆڕدراوە بۆ بنکەیەکی سەربازیی بەچالاکییەکی مەدەنیی زۆر سنوردارەوە، ئەمەش زیانێکی کوشندەی بەکۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ناوخۆییو کەرتی گەشتوگوزاریی ئیسرائیل گەیاندوە.
