شارپرێس:
سیاسەتی ئاویی یەکلایەنەی تورکیا لەبەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانی ڕوبارەکانی دیجلەو فوڕات، قەیرانێکی گەورەی مرۆییو ژینگەیی لەوڵاتانی حەوزی خواروو (سوریاو عێراق) دروستکردوە، ئەم دۆخە وڵاتانی ناوچەکەی ڕوبەڕوی دوو سیناریۆی مهترسیدار کردوەتەوە، وشکەساڵییەکی سەخت لەلایەکو لافاوی وێرانکەر لەلایەکی دیكهوه.
سهرچاوهكان ئاماژه بهوهدهكهن، لەوەرزی کەمبارانیدا، تورکیا ئاوی بەنداوە زەبەلاحەکانی (وەک بەنداوی ئەتاتورک) دەگرێتەوە، ئەمەش ناوچەی جەزیرەی سوریای توشی وشکەساڵییەکی توندو پاشەکشەی کەرتی کشتوکاڵو تینوێتییەکی سەخت کردوە.
هاوکات لەوەرزی بارانبارینی زۆریشدا، ئەنكەرە بۆ پاراستنی ههیکەلی بەنداوەکانی خۆی، دەروازەکان بەشێوەیەکی کتوپڕ دەکاتەوە؛ بەهۆی نەبونی هەماهەنگیی پێشوەختەش لەگەڵ لایەنی سوریا، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ژێرئاوکەوتنی گوندە کەنارییەکانی سەر ڕوباری فوڕاتو ئاوارەبونی سەدان خێزان، ئەم بابەتە هاوکاتە لەگەڵ بێدەنگیی حکومەتی نوێی دیمەشق لەبەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەدا.
ئەم قەیرانە تەنها سنوری سوریای نەبەزاندوە، بەڵکو عێراق کە دواین وڵاتی ڕێڕەوی ئەم دوو ڕوبارەیە، گەورەترین باجی داڕمانی ئاسایشی ئاو دەدات، گرنگترین ئەو مەترسییە هەواڵییانەی ئێستا ڕوبەڕوی عێراق بونەتەوە بریتین لەوهى، هۆڕەکانی باشوری عێراق کە لەسەر ئاستی جیهان ناسراون، بەهۆی کەمیی ئاوی هاتوەوە لەبەردەم مەترسیی سڕانەوەی یەکجارەکیدان.
باس لهوهشكراوه، پاشەکشەی ئاو بوەتە هۆی لەناوچونی پشتێنەی سەوزایی، ئەمەش ڕێژەی خۆڵبارینی توندى لەشارەکانی عێراقدا چەند هێندە کردوە، ههروهها دابەزینی ئاستی ئاو لەبەنداوە سەرەکەییەکانی عێراق، توانای بەرهەمهێنانی کارەبای بهشێوهیهكى بهرچاو کەمکردوەتەوە.
چاودێرانی سیاسییو ژینگەیی هۆشداریدەدەن، بەردەوامیی بەکارهێنانی ئاو وەک کارتێکی فشارو سیاسەت لەلایەن ئەنكەرەوە، ناوچەکە بەرەو کارەساتێکی مرۆیی دەبات کە چارەسەرکردنی ئەستەم دەبێت.
بهگوێرهى یاسای نێودەوڵەتیی، وڵاتانی حەوزی خواروو (عێراقو سوریا) هەمیشە لەپێگەیەکی لاوازتردان، چونکە وڵاتی سەرچاوە كه (تورکیایه) کۆنترۆڵی سەرەکی هاتوی ئاوەکەی لەدەستدایه، کاتێکیش تورکیا بەنداو دروستدەکات، ڕێڕەوی ئاوەکە دەگۆڕێت یان ئاوەکە دەگرێتەوە، یەکەم زیانمەندیش وڵاتانی حەوزی خوارون کە ڕوبەڕوی وشکەساڵی دەبنەوەو لهكاتى بهردانهوهى ئاوهكهشدا، مهترسیى گهورهیان لهسهر دروستدهبێت.
