شارپرێس:
پەروین بوڵدان دەڵێت، ئەو یاسایەی دەخوازرێت لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا دەربکرێت لە ٧ بۆ ٨ خاڵ پێکدێت و ئەو ڕەشنووسە دەخرێتە بەردەم ئۆجالان.
بوڵدان لەڕێوڕەسمێکدا لەشاری وان ڕایگەیاند "ڕەوشی تەندرووستی و مۆراڵی ئۆجالان باشە، متمانەی بە پرۆسەی ئاشتی هەیە و هەوڵێکی بەرفراوان دەدات بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە".
دەشڵێت، لە دیدارەکەیان لەگەڵ ئۆجالان بەشێوەیەکی بەرفراوان هەڵسەنگاندن کراوە بۆ ئەو یاسایەی کە پێویستە لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا دەربکرێت، ئۆجالان دووپاتی کردەوە، دەبێت یاساکە ببێتە یاسایەکی بنەڕەتی و دەستووری، دوای دەرچوونی ئەم یاسایە چەرخی دیموکراسی خێراتر دەبێت. بەڵام جەختی کردەوە، بۆ ئەوەی ئەم یاسایە دەربکرێت، گرنگە کە ڕێککەوتنێک لەسەر ئەو یاسایە هەبێت کە وەک ڕەشنووس ئامادە دەکرێت. یاساکە لە ٧ بۆ ٨ خاڵ پێکبێت و لە شێوەی یاسایەکی بنەڕەتی و یەکجارەکییدا بێت. ئەندامانی ڕێکخستن بتوانن لە ماوەیەکی دیاریکراودا سوود لەم یاسایە وەربگرن و بگەڕێنەوە بۆ تورکیا و بچنە شوێنە دڵخوازەکانیان.
بوڵدان وتی، لە دیدارەکانی دوای جەژندا، تەواوی هەوڵەکانمان بۆ دەرکردنی ئەم ڕەشنووسە دەبێت. بە خێرایی لە ماوەی مانگ و نیوێکدا، واتە پێش داخرانی پەرلەمان، بۆ دەرکردنی ئەم یاسایە کۆبوونەوە ئەنجام دەدەین و درێژە بە دانوستانەکانمان دەدەین. چونکە ئەم پرۆسەیە زۆر بەپەلەیە و نابێت بۆ کات بەجێبهێڵرێت.
