ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1077 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەبەردەوامیی ستراتیژی چڕکردنەوەی گوشارە ئابوریی‌و سیاسییەکانی بەردەم تاران، ئەمریکا گەڕێکی نوێی لەسزای دارایی‌و ئابوریی بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاند.


وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرایکرد، زنجیرەیەک سزای نوێیان دژ بەکەرت‌و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران چالاککردوە، بەڵام لەڕاگەیەندراوە سەرەتاییەکەدا هیچ وردەکارییەکی زیاتری دەربارەی ناوی ئەوکەسایەتی یان قەوارانە نەخستوەتەڕوو کە کەوتونەتە ژێر باری سزاکانەوە.

ئەم پێشهاتە نوێیە لەکاتێکدایە کە واشنتۆن لەکەمپینی گەمارۆدانی ئابوری تاراندا، پێشتر سزای بەسەر زیاتر لە18 هەزار کەس‌و قەوارەی جیاوازدا سەپاندوە کە خۆی لەکۆمپانیا دەوڵەتی‌و تایبەتەکان، کەشتییە بازرگانییەکان‌و دامەزراوە داراییە جۆراوجۆرەکاندا دەبینێتەوە.

چاودێرانیش پێیانوایە، ئەم هەنگاوە نوێیەی وەزارەتی گەنجینە، پەیامێکی ڕونی واشنتۆنە بۆ توندکردنی زیاتری گەمارۆکان پێش هەر جۆرە دانوستانێکی داهاتوو.