سوپای پاسداران لەکرماشان دوو چالاکەوانی کوردی کوشت

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 251 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

دوو چالاکوانیی کەلتووریی ناسراوی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی موجتەبا و مەیسەم وەیسی کە برای یەکتر بوون، لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کوژران.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی فوڕات، هەردوو براکە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەت و بە دەستڕێژی گولـلە کوژراون. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، بڵاویکردەوە، هێزەکانی دەوڵەت بە بیانووی ئەوەی کە بەشدارییان لە چالاکییەکانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەم کردووە، بە دوای ئەو دوو برایەدا دەگەڕان.

ڕێکخراوەکە دەشڵێت: "دوو برای کوردی یارسان بە ناوەکانی مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی، لە گوندێکی شارۆچکەی داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کرابوون کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی فیشەکی هێزەکانی  سوپای پاسداران و کوژراون."

لای خۆیەوە پەژاک لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت"ئەم تیرۆرکردنە دڕندانەیە بە توندی شەرمەزاردەکەین و سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی گەلی یارسان، گەلی کورد و ئێران دەکەین. ئێمە لەو باوەڕەداین کە تەڤگەری ئازادیی گەلی کورد و ئێران بە تیرۆریزم، فشار و تاوان ناتوانێت ڕابگیرێت.