شارپرێس:
سەرچاوە میدیاییە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرایانکردوە، دوای لێدوانە دزەپێکراوەکانی نێوان ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیاو شی جین بینگ سەرۆکی چین لەسەر گەیشتن بەنەمر بون، لەڕێگەی گۆڕینی بەشەکانی جەستە، ئێستا کرملین پڕۆژەیەکی زەبەلاحو نیشتمانیی بۆ ئەم مەبەستە ڕاگەیاندوە کە تێیدا لێکۆڵینەوە لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی مرۆڤو دژایەتیکردنی پیریی دەکات.
دۆسیەیەکی پزیشکیی جێگهى سەرنج، نەیارە سەرەکییەکانی جیهانی لەسەر یەک مێز کۆکردوەتەوە، ڤلادیمێر پوتن لەڕێگەی پڕۆژەیەکی نیشتمانیی زهبهلاحهوه بەبەهای 26 ملیار دۆلارەوە، ڕوسیا دەخاتە ناو کێبڕکێیەکی سەخت لەگەڵ ملیاردێرەکانی وادی سیلیۆنی ئەمریکا بۆ دۆزینەوەی نهێنییەکانی درێژکردنەوەی تەمەنو شەڕی دژ بەپیری، ئەم هەنگاوە نوێیەی کرملین کە لەچاپکردنی بایۆلۆجیی ئەندامانی جەستەوە تا چارەسەری جینی لەخۆدەگرێت، تەنها گەڕانێکی زانستی نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ ململانێیەکی ستراتیژیی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی داهاتوی تەمەنی مرۆڤایەتی.
حکومەتی ڕوسیا بەفەرمی کار لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی نیشتمانیی بەرفراوان دەکات لەبواری تەکنەلۆژیای بایۆلۆژیی هاوچەرخدا کە تێچوەکەی بە 26 ملیار دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێندرێت.
ئەم بەرنامەیە کە ناوی "تەکنەلۆژیای نوێی پاراستنی تەندروستی" لێنراوە، ئامانجی سەرەکیی ڕزگارکردنی ژیانی 175 هەزار کەسە تا کۆتایی ئەم دەیەیه، لەڕێگەی دۆزینەوەی چارەسەری زانستی بۆ خاوکردنەوەی پیربونی خانەکانی جەستەو باشترکردنی کوالێتی ژیان.
بهگوێرهى پلانەکە، ناوەندە زانستییەکانی سەر بە دەوڵەتی ڕوسیا لەسەر سێ تەوەرەی سەرەکی کاردەکەن، یهكهمیان بۆ ڕێگریکردنو خاوکردنەوەی ئەو گۆڕانکارییە خانەییانەی کە بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە ڕودەدەن، دوهم، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ چاپکردنی شانەو کڕکڕاگە زیندوەکانی مرۆڤو سێیهمیش، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ورد بۆ گەشەپێدانو چاندنی ئەندامەکانی جەستە لەناو ئاژەڵە دەستکاریکراوە جینییەکاندا (وەک بەرازی کورتەباڵا) پێش تاقیکردنەوەیان لەسەر مرۆڤ.
ئەم هەنگاوەی پوتن هاوشێوەی خولیای بەشێک لەملیاردێرەکانی تەکنەلۆژیایە لەئەمریکا (وەک جێف بیزۆسو سام ئەڵتمان) کە سەرمایەیەکی زۆریان لەکەرتی دژە پیریدا وەبەرهێناوە، بەڵام جیاوازییەکە لێرەدایە کە لەڕوسیا ئەم بابەتە لەپڕۆژەیەکی کەسییەوە گۆڕدراوە بۆ ئەولەوییەتێکی باڵای حکومەتو پەیمانگهی گەورەی وەک کۆرتشاتۆف بۆ لێکۆڵینەوە ئەتۆمییەکان سەرپەرشتیدەکەن.
سەرەڕای ئەم هیوایە گەورانە، شارەزایانی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوەدەکەن، پڕۆژەکە هێشتا لەقۆناغی سەرەتاییدایەو دەرئەنجامەکانی بەشێوەیەکی بەرفراوان لەگۆڤارە زانستییە باوەڕپێکراوەکانی جیهاندا بڵاونەکراونەتەوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە گەیشتن بەئەنجامی کۆتایی پێویستی بەساڵانێکی زۆر لەتاقیکردنەوەی کلینیکی هەیە.
ناوهێنانی پوتنو ملیاردێرەکانی ئەمریکا پێکەوە، سەرنجڕاکێشییەکی زۆر بۆ خوێنهرانى ئهم ههواڵه دروستدهكات، چونکە لەڕوی سیاسییەوە نەیاری یەکترن، بەڵام لێرەدا لەسەر یەک بابەت کۆبونەتەوە.
لەکاتێکدا گرژییە سیاسییو سەربازییەکانی نێوان واشنتۆنو مۆسکۆ لەلوتکەدایە، دەرکەوتنی خاڵێکی هاوبەش لەنێوان ڤلادیمێر پوتنو گەورە ملیاردێرەکانی وادی سیلیۆنی ئەمریکا (وەک جێف بێزۆس، سام ئاڵتمانو پیتەر سێڵ) بوەتە جێی سەرنجی میدیاکانی جیهان، ئەم نەیارە سیاسییانە، لەپشت پەردەوە، ڕکابەری لەسەر یەک ئامانجی هاوبەش دەکەن کە ئەویش شۆڕشی درێژکردنەوەی تەمەنو پزیشکی نوێیە.
