واشنتۆن‌و تاران لەکۆتاییهێنانی جەنگ‌و کردنەوەی گەروی هورمز نزیکدەبنەوە

جیهان

41 خولەک پێش ئێستا‌ 1044 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایانکردوە، ئەمریکاو ئێران زۆر لەهێنانەکایەی ڕێککەوتنێک نزیکبونەتەوە کە درێژکردنەوەی ئاگربەست‌و دوبارە کردنەوەی گەروی هورمز بۆ گەشتە دەریاییەکان‌و کەمکردنەوەی گەمارۆکانی سەر تاران لەخۆدەگرێت؛ بەڵام جێبەجێکردنی هێشتا بەستراوەتەوە بەڕەزامەندی کۆتایی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.


دوای چەندین هەفتە لەگفتوگۆی ناڕاستەوخۆ، سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندوە، هەردولا گەیشتونەتە یاداشتى لێكتێگەیشتن بۆ ڕاگرتنی جەنگ، کە ماوەی 60 ڕۆژ دەداتە دانوستانکاران بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنی کۆتایی.

سەرچاوە ئێرانییەکانیش ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم چوارچێوەیە بۆ ماوەی 30 ڕۆژ جموجۆڵە نێودەوڵەتی‌و ئێرانییەکان لەگەروی هورمز ڕێکدەخات‌و چەند ئاسانکارییەکی دارایی بۆ تاران دابیندەکات، پاشان، دانوستانە قورسەکان لەسەر چارەنوسی یۆرانیۆمی پیتێنراوو چاودێری نێودەوڵەتی دەستپێدەکەن.

چاودێران له‌باره‌ى دۆسیەو بەربەستی سەرەکی لەبەردەم ڕێککەوتنەکەدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، داخستنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە (کە پێنج یەکی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت) نرخی نەوتی بەرزکردوەتەوە، کردنەوەی گەروەکە پێشەنگی ئەمریکایە، بەڵام پرۆسەیەکی قورسە، چونکە ئێران دەڵێت مینى دەریایی تێدا چاندوە، هاوكات لادانی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکان، داواکاری سەرەکی ئێرانییەکانە.

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، ئەمریکا دەڵێت ئێران بەدوای چەکی ئەتۆمیدا دەگەڕێت‌و تارانیش ڕەتیدەکاتەوە، باس لەوەشدەکرێت، ڕەنگە ئێران ڕازیبێت بەشێک لەیۆرانیۆمە پیتێنراوە ئاست بەرزەکەی بنێرێتە وڵاتێکی دۆست بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنەکەی بۆ 5٪، بەڵام چارەنوسی ئامێرەکانی سەنتەرفیوج‌و میکانیزمی پشکنین هێشتا جێی ناکۆکین.

موشەکە بالیستییەکانیش پرسێكى جێناكۆكن له‌نێوان تاران‌و واشنتۆن، واشنتۆن پێش جەنگ داوایكردبوو، دەبێت ئێران مەودای موشەکەکانی کەمبکاتەوە بۆ ئەوەی نەگەنە ئیسرائیل، بەڵام ئێران دەڵێت، مافی چه‌كى وڵاته‌كه‌یى‌و به‌رهه‌مهێنانى جێگه‌ى گفتوگۆ نییە.

سه‌باره‌ت به‌سزاکان‌و پاره‌ بلۆککراوەکانى ئێرانیشه‌وه‌ تائێستا ناكۆكى هه‌ن، ئابوریی ئێران زیانێكى گه‌وره‌ى بەرکەوتوەو تاران داوای ئازادکردنی دەیان ملیار دۆلاری بلۆککراوو قەرەبوی زیانەکانی جەنگ دەکات، بەڵام ترەمپ پێشتر ڕەخنەی لەئۆباما گرتبوو بۆ ئازادکردنی پارە بۆ ئێران لەڕێککەوتنەکەی 2015داو لەم لایەنەوە توندە.

بەرەی لوبنان‌و پێگەی ئیسرائیلیش بابه‌تێكى دیكه‌ى گفتوگۆكانى ئێران‌و ئه‌مریكایه‌، ئێران داوادەکات جەنگی لوبنانیش بەشێک بێت لەڕێککەوتنەکە، سەرەڕای ئاگریەستی مانگی ڕابردوو، ئیسرائیل هێرشەکانی لەباشوری لوبنان چڕکردوەتەوەو پێدەچێت نەیاربێت بەرامبەر هەر ڕێککەوتنێک کە دەستی لەلوبناندا ببەستێتەوە، هاوکات ڕۆڵی ئیسرائیل (کە لەم جەنگەدا هاوپەیمانی ئەمریکا بوە) لەم تێگەیشتنە نوێیەدا هێشتا ناڕونە.