شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، تاران واشنتۆنی لە بڕیاری ڕاگرتنی دانوستانەکان ئاگادار نەکردووەتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە بە مانای دەستپێکردنەوەی شەڕ نییە.
ترەمپ لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند، جێی خۆیەتی ئێران بڵێت ئاڵوگۆڕی پەیامەکانیان ڕاگرتووە، چونکە ئەوان لە دانوستان باشترن لە شەڕکردن، بەڵام ئەوان لەوە ئاگاداریان نەکردینەوە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەمە بەو مانایە نییە کە دەست بکەین بە فڕێدانی بۆمب لە سەرتاسەری ئێران، بەڵکو گەمارۆکە بەردەوام دەبێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە "هیچ کێشەیەکی نییە ئەگەر ڕاست بێت کە ئێران دانوستانەکانی هەڵپەساردووە".
ڕوونیشی کردەوە، "زۆر قسەمان کردووە، پێموایە بێدەنگبوون زۆر باش دەبێت، و دەشێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت، گەمارۆکە بەهێزە، منیش دەتوانم تا ئەو کاتەی ئێران بیەوێت چاوەڕێ بکەم، چونکە بڕە پارەیەکی یەکجار زۆر لەدەست دەدەن".
هەروەها ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، تیمی دانوستانکاری ئێران لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا ڕاگرتووە.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەکانەوە ڕایگەیاندووە: بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی تاوانەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و لەبەر ئەوەی لوبنان یەکێک بوو لە مەرجەکانی ئاگربەست و ئەم ئاگربەستە ئێستا لە هەموو بەرەکان بە لوبنانیشەوە پێشێل کراوە، تیمی دانوستانکاری ئێران دیالۆگ و پەیوەندییەکانیان لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە لەگەڵ ئەمریکا ڕادەگرێت.
