شارپرێس:
لەناوجەرگەی بنکەی سەربازیی گوانتانامۆو لەژێر گەمارۆیەکی توندی وزەو
مەترسیی دەستبەجێی هێرشی درۆنیى، باڵاترین فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکاو کوبا لەچاوپێکەوتنێکی
مێژوییو ناوازەدا ڕوبەڕوی یەک بونەوە، دیدارێک کە ئامانجەکەی هێورکردنەوەی پشکۆی
شەڕو کەمکردنەوەی ئەو گرژییە زۆرانهیه کە دەریای کاریبی خستوەتە سەر لێواری تەقینەوە.
چاوپێکەوتن لەسەر هێڵی سنوریی؛ فەرماندەکان کێبون؟
کۆبونەوەکە لەسەر سنوری جیاکەرەوەی بنکەی سەربازیی گوانتانامۆ ئەنجامدراو
تێیدا دوو کاراکتەری سەرەکی هێزە بەرگرییەکانی هەردوو وڵات ڕوبەڕوو دانیشتن، ئهوانیش
ژەنراڵ فرانسیس دۆنۆڤان فەرماندەی فەرماندەیی باشوری ئەمریکا (ساوتکۆم)، ژەنراڵ ڕۆبێرتۆ
لیجرا سۆتۆلۆنگۆ سەرۆکی دەستەی ئەركانی گشتیی هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کوبا.
تەوەرە سەرەکییەکانو هۆکاری گرژییەکان
بهگوێرهى ڕاگەیەندراوی فەرمی فەرماندەیی باشوری ئەمریکا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی
ئێكس، لایەنەکان گفتوگۆیەکی کورتیان لەسەر پرسەکانی ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجامداوە،
هاوکات ژەنراڵ دۆنۆڤان بەدواداچونی بۆ دۆخی ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکاو پاراستنی سەربازانی
بنکەکە کردوە.
ترس لەهێرشی درۆنو پێكدادانى سەربازیی
وهكو ئاشكراكراوه، کۆبونەوەكه شڵەژاوە دوای ئەوەى، ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی
پێگەی ئەکسیۆس-ی ئەمریکی ئاشکرایانکردبوو، کوبا زیاتر لە300 درۆنی سەربازیی کڕیوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەدەکرد، هاڤانا پلانی داناوە بۆ بەکارهێنانی
ئەم درۆنانە لەهێرشی ئەگەریدا بۆ سەر بنکەی گوانتانامۆو کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکاو
تەنانەت شاری کی وێست لەویلایەتی فلۆریدا، هەرچەندە کوبا ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردەوە،
بەڵام جەختی لەمافی خۆپاراستن کردەوە.
گەمارۆو شەڕی سارد لەناوچەکەدا
پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆنو هاڤانا لەمدواییانەدا بەتەواوی بەرەو
داڕمان چوە، ئەمریکا گەمارۆیەکی توندی سوتەمەنی خستوەتەسەر کوبا کە بوەتە هۆی پەککەوتنی
تۆڕی کارەبای ئەو وڵاتە، دادگاکانی ئەمریکا-ش دۆسیەیەکی کۆنیان دژی ڕائول کاسترۆ سەرۆکی
پێشوی کوبا سەبارەت بەخستنەخوارەوەی فڕۆکە لەڕابردودا زیندوکردوەتەوە، ههروهها
دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لەفەنزوێلا بۆ لادانی مادورۆ، کوبا خۆی لەبەردەم
مەترسییەکی ڕاستەوخۆی هێرشی هاوشێوەدا دەبینێتەوە.
دەرەنجامەکان.. ئایا مەترسییەکە کەمبوەتهوە؟
هەرچەندە کەشوهەواکە سادەنەبوو، بەڵام وەزارەتی بەرگریی کوبا کۆبونەوەکەی
بەئەرێنی وەسفکرد کە بەڕەزامەندی هەردولا بوە، گرنگترین دەستکەوتی ئەو دیدارەش ئەوەبوه
هەردوو هێزە سەربازییەکە ڕێککەوتنیان كردوه لهسهر هێشتنەوەی هێڵەکانی پەیوەندیی
لەنێوانیاندا بۆ ڕێگریکردن لەهەر جۆرە هەڵەیەکی حسابکراو یان پەرەسەندنی بێ مەبەست
لەسەر سنور.
چاودێران پێیانوایه، ئەو دیدارە دەریخست کە سەرەڕای دوژمنکارییە سیاسییە
قوڵەکان، عەقڵیەتی سەربازیی ناچارە لەسەر هێڵی تەلبەندەکان دابنیشێت بۆ ئەوەی ڕێگریی
لەکارەساتێکی گەورەتر بکات، هێشتا دۆخەکە وەک پشکۆیەک لەژێر خۆڵەمێشدا ماوەتەوە، بەڵام
گوانتانامۆ بۆ چەند ساتێک بوە شوێنی دیپلۆماسیەتی چەکدارانە.
