پزیشكیان رەخنە لەشێوازی بڕیاردان لە ئێران دەگرێت

جیهان

46 خولەک پێش ئێستا‌ 93 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران ڕۆژی یەكشەممە جەختی لەوە كردەوە كە نابێت حوكمڕانی وڵات و بڕیاردان لە بازنەیەكی بەرتەسكی بەرپرسان قەتیس بكرێت و جەختی لەسەر پێویستی بەشداریكردنی بژاردە و ئەكادیمییەكان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكانی بەردەم ئێران كردەوە.

لە میانی دیدارێكدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی زانست، پزیشكیان ڕایگەیاند، ئەو فشارە سیاسی و ئابورییانەی وڵات تووشی دەبێت، داوای چارەسەری داهێنەرانە و دیدگای فرە پسپۆڕیی دەكەن.

سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی كرد كە تێپەڕاندنی رەوشە دژوارەكانی ئێستا پێویستی بە بەشداریی هەموو بەهرە نەتەوەیییەكان و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و كردار هەیە.

مشتومڕ لە ناوخۆی ئێراندا سەبارەت بە سروشتی بڕیاردان و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە نێوان دامەزراوە جۆراوجۆرەكاندا بەردەوامە. بەشێك لە بەرپرسان و گروپە سیاسییەكان داوای ڕۆڵێكی زیاتر بە حكومەت و شارەزایان دەكەن لە داڕشتنی سیاسەتی گشتیدا، لە كاتێكدا وڵات ڕووبەڕووی فشارە ئابوری و ناوچەییەكان لە جاران زیاتر دەبێتەوە كە بە وتەی چاودێران پێویستی بە فراوانكردنی بەشداریكردن لە بڕیاردان و بەكارهێنانی شارەزایی ئەكادیمی و تایبەتمەند هەیە.