شارپرێس:
لەناوجەرگەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، گەڕێکی ئێجگار هەستیارو چارەنوسساز لەگفتوگۆی ڕاستەوخۆی سەربازیی لەنێوان وهفدى باڵای عەسکەری لوبنانو ئیسرائیل بەچاودێری ڕاستەوخۆی واشنتۆن دەستیپێکرد، ئەم دانوستانانە کە بەدانوستانى ژێر ئاگرو بۆردومان وەسفدەکرێت، لەکاتێکدایە کە شەڕی مەیدانی لەباشوری لوبنان گەیشتوەتە لوتکەی گرژییو توندوتیژییەکان.
ستراتیژیەتی وهفدى لوبنانو مەرجە نەگۆڕەکان
سەرچاوەیەکی باڵای سەربازیی لوبنانی پێش دەستپێکردنی کۆبونەوەکان، وردەکاری مەرجەکانی بەیروتی بۆ میدیاکان ئاشکراکردو وتى، "وهفدى سەربازیی لوبنان بەڕێنماییەکی تەواو پێداگرو یهكلاكهرهوه چونەتە ناو دانوستانەکان، مەرجی سەرەکیو یەکەمی ئەوان تەنها ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕو جێگیرکردنی ئاگربەستە، پێشئەوەی باس لەهیچ پرسێكى دیكه بکرێت، چونكه لوبنان ڕەتیدەکاتەوە، هیچ خاڵێک تاووتێبکات کە پەیوەندیی بەڕاگرتنی کارە دوژمنکارییەکانەوە نەبێت.
سهرچاوهكه جهختیكردهوه، "وهفدى لوبنانی تەنها باسی پرسه تەکنیکیو سەربازییەکان دەکاتو بەهیچ شێوەیەک ناچێتە ناو مەلەفو گفتوگۆ سیاسییەکانەوە، کۆبونەوەی نوێنەرانی سوپای سێ قۆڵییەکە (ئەمریکی، لوبنانیو ئیسرائیلی) بەهیچ شێوەیەک ناچێتە ناو پرسی هەماهەنگی دووقۆڵی لەنێوان سوپای لوبنانو ئیسرائیلدا، لهبهرئهوهى، لوبنان جەختدەکاتەوە، واشنتۆن لایەنێکی سەرەکییە لەم گفتوگۆیانەداو پشتی پێدەبەستن.
ڕەخنە توندەکانی بەیروت؛ "ئیسرائیل بەداگیرکاریی دانوستان دەکات"
سەرچاوە سەربازییەکەی لوبنان هێرشێکی توندی میدیایی کردەسەر شێوازی بەڕێوەچونی جەنگەکە لەلایەن تەلئەبیبهوهو وتویهتى، "پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئیسرائیل هیچ پاساوێکی نییە، چونکە بۆردومانەکان ڕاستەوخۆ ماڵی هاوڵاتیانی مەدەنیو شارو شارۆچکە مێژوییو کەلەپورییەکان دەکاتە ئامانج، ئیسرائیلیش تەنها بەئاگرو بۆردومان دانوستان ناکات، بەڵکو دەیەوێت بەچەکی داگیرکارییو مانەوە لەسەر زەوی فشاربکات بۆ سەپاندنی مەرجەکانی، ئەمەش بەتەواوی ڕەتکراوەیە".
سەرۆکایەتی لوبنان لەپەیوەندیی بەردەوامدایە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام جەختدەکاتەوە، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە ئەنجامی سەر زەوییە نەک ئەو بەڵێنانەی کە دەدرێن، ههروهك سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردوه، "ئەمریکا وەڵامدانەوەی ئەرێنی هەبوە بۆ فشارکردن لەسەر ئیسرائیل، بەڵام تەلئەبیب پابەند نەبوە".
نەخشەی قۆناغی پاش ئاگربەست؛ کشانەوەو جێگیربون
ئەگەربێتو ئیسرائیل ڕەزامەندیی بدات لەسەر ڕاگرتنی شەڕو جێگیرکردنی ئاگربەست، لوبنان پلانێکی ڕونی بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادەکردوە، بهر لهههر شتێك، خشتەی کشانەوەی ئیسرائیل، ئامانجی سەرەکی ئەم ڕێگهو فشاره ئەمنیو سەربازییە لەپێنتاگۆن، ئامادەکاریی تەکنیکیو دانانی خشتەی کاتییە بۆ کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی بەمدواییانە چونەتە ناوی.
چاودێران دهڵێن، هاوشانی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، سوپای لوبنان هێزەکانی خۆی لەناوچەکانی باشور (سەروی ڕوباری لیتانیو هێڵی سنوریی) بەهێز دەکاتو بڵاوەیان پێدەکات، ئەمەش ڕاستەوخۆ لەدوای جێگیربونی ئاگربەست یان هاوکات لەگەڵ دانوستانى سیاسیی دەستپێدەکات.
پێکهاتەی وهفدهكانو و هیوای کۆتایی
کۆبونەوەکە لەسەر ئاستی باڵای سەربازیی بەڕێوەدەچێت، وهفدى ئیسرائیل پێکهاتوە لەشهش بۆ حهوت بەرپرسی سەربازیی، وهفدى لوبنانیش پێکهاتوە لەهەمان ژمارە شهش بۆ حهوت كهسى سهربازیى، بەسەرۆکایەتی عەمید جۆرج ڕزقڵا بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای لوبنان.
وهكو ئاشكرابوه، هیچ نوێنەرایەتییەکی سیاسیی لەم کۆبونەوانەی پێنتاگۆندا نییە، چونکە بڕیارە لهم ههفتهیهدا پرۆسه دپلۆماسیو سیاسییەکە لەناو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستپێبکات، لوبنانیش هیواخوازە ئەم هەوڵە سەربازییە بگاتە ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ کۆتاییهێنان بەخوێنڕشتن.
